وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، دوو ئەفسەری كورد لە ئەمەریكا بڕوانامەی ماستەریان بەدەستهێنا.
وەزارەتەكە دەڵێن، لە چوارچێوەی پلانی مەشقی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان، عەقید ئاری فەیسەڵ نەقشبەندی، بڕوانامەی ماستەری لە كۆلێژی جەنگی سوپا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و هەروەها رائد روكن رۆژ جەمیل عەبدی، بڕوانامەی ماستەری لە كۆلێژی ئەركان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەدەست هێنا.
ئاماژەیان بەوە كردووە، عەقید ئاری فەیسەڵ نەقشبەندی، یەكەم ئەفسەری كوردە كە بڕوانامەی ماستەر لە كۆلێژی جەنگی سوپا لە ئەمەریكا بەدەست بهێنێت، كۆلێژی جەنگی سوپا كۆلێژێكی بەناوبانگە و تایبەتە بە پەروەردەكردن و پەرەپێدانی فەرماندەكان و سەركردەكان لە بواری ستراتیجیدا، بەتایبەت لەناو هێزی وشكانیدا.
هەروەها، رائد روكن رۆژ جەمیل عەبدی، ماوەی دوو ساڵ لە كۆلێژی ئەركانی ئەمەریكا بەردەوام بوو لە خوێندن، تیایدا وانەكانی تایبەت بە سەركردایەتیكردن، مێژووی جەنگە بەرفرەوانەكان، بیردۆزە سەربازییەكان، پڕۆسەی دروستكردنی بڕیاری سەربازی، باوەڕە سەربازییەكانی ئەمەریكا و چەند بابەتێكی تر بەشێوەی تیۆری و پراكتیكی خوێنران.