لە چەند ساڵی ڕابردوودا حكوومەتی فیدراڵیی عێراق، لەسەر ئاستە سیاسی و ئابووری و داراییەكان، گەمارۆی خستووەتە سەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و گوشاری بەردەوامی بۆ بچووككردنەوە و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كردووە.
لەگەڵ ئەوەی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، فاكتەری ئارامی و گەشەی ناوچەكەیە و لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا ڕۆڵی لە گێڕانەوەی سەقامگیری و لەخۆگرتنی ئاوارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا بینیوە، بەڵام حكوومەتی فیدراڵی لە جیاتی هاوبەشی و ڕێككەوتن، هەموو ئامرازێكی بۆ سزادانی هەرێم خستووەتە گەڕ.
بڕینی مووچە خەڵكی كوردستان
بۆ ماوەی 11 ساڵە حكوومەتی فیدراڵ بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە. لە بەرانبەردا هەموو مانگێك بیانووی جۆراوجۆری بۆ نەناردنی مووچە دروست كردووە. سەرباری ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی خەڵكی كوردستان بێ دواكەوتن خەرج بكرێت و بە هیچ بابەتێكەوە نەبەسترێتەوە.
حكوومەتی هەرێم هەموو مانگێك بیانووەكانی بەغدای بڕیوە و كێشەكانی لیستی مووچەی چارەسەر كردووە، بۆ ئەمەش سیستمی پایرۆڵی دامەزراند و یاسای یەكگرتووی خانەنشینیی عێراق و سیستمی بەبانكیكردنی مووچەی جێبەجێ كرد، لەسەر داوای حكوومەتی فیدراڵ دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست و لەجێدانانی فەرمانبەرانی بە هەموو شێوەیەك ڕاگرت. بەڵام حكوومەتی فیدراڵی هەموو مانگێك مووچەی مووچەخۆرانی دوا خستووە و هیچ ساڵێكیش هەر 12 مووچەكەی بۆ هەرێم نەناردووە، ئەمە جگە لە پیادەنەكردنی دادپەروەری لە دامەزران و پلەبەرزكردنەوە بەراورد بە ناوچەكانی تری عێراق.
لە دوا بڕیاری ستەمكارانە و سزادانێكی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا مووچەی هەشت مانگی ساڵی 2025 نەنێرێ، لە كاتێكدا لە 13 ملیار دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2025، تەنیا چوار ملیار دینار هاتووە.
گەمارۆكانی بەغدا لە بواری بودجەدا
بەغدا لە ڕێگەی سكاڵای نێودەوڵەتییەوە لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت، كە بە هۆیەوە عێراق و هەرێمی كوردستان 25 ملیار دۆلار زیانیان بەركەوتووە. حكوومەتی هەرێم لە چواری نیسانی 2023 لەگەڵ عێراق ڕێككەوتنی واژوو كرد كە نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت. هەرێم 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردووە، بەڵام عێراق هیچ تێچوویەكی ئەو بەرهەمهێنانەی خەرج نەكردووە. جگە لەوەی 50%ی داهاتی نانەوتیی ڕادەست كردووە، بەڵام بەغدا بۆ ماوەی 11 ساڵە بودجەی كوردستانی بڕیوە و بەهۆیەوە پڕۆژە و گەشەی شارەكانی وەستاندووە، سەرەڕای پەسندكردنی بودجە بۆ ساڵی 2023، 2024 و 2025.
ئەمە جگە لەوەی بەغدا هیچ قەرەبوویەكی خەڵكی كیمیابارانكراو و جینۆسایدكراو و ئەنفالكراوی كوردستانی نەكردووەتەوە، كە مادەی 132ی دەستوور ئاماژەی پێ داوە.
ڕێگریی لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم
عێراق جگە لەوەی مووچە و بودجە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێ، ئاستەنگیش لە بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروست دەكات، تا نەتوانێت ئابوورییەكەی ببووژێنێتەوە و مووچە دابین بكات.
لە كاتێكدا مادەی 111 و 112ی دەستووری عێراق مافی وەبەرهێنانی وزە بۆ كوردستان دەستەبەر دەكات، هەرێم هەموو ئاسانكارییەكی بۆ مەرجەكانی عێراق و ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە و گرێبەستەكانی نێوان هەرێم و كۆمپانیاكان، بەپێی بڕیاری دادگاكانی عێراق یاسایین، بەڵام حكوومەتی عێراق ئاستەنگی نوێ لە بەردەم پرۆسەكە دروست دەكات، تا هەرێم لەڕووی ئابوورییەوە لاواز بكات و توانای خۆبژێویی نەبێت وەك لە سەرەتای 2014ەوە ڕووی داوە.
سەرباری ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پاساوەكانی بەغدای لە بواری دارایی و نەوتدا بڕیوە، هاوكات ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و كاركردن بە دەستوور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پێشان داوە، بەڵام سزادان و گەمارۆكانی بەغدا بۆ سەر خەڵكی كوردستان بەردەوامن و نیازی حكوومەتی فیدراڵ لە دژایەتیی قووڵی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیدا، بۆ ناوخۆ و دەرەوە ڕوون بووەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی توندی حزبەكانی كوردستان و عێراق و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق و سیاسەتمەدار و چاودێرانی دەرەوەی لێ كەوتووەتەوە.