ئاژانسی تەسنیمی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی تری F-35ـی ئیسرائیلییان خستووەتە خوارەوە.
ئەمڕۆ شەموو 14ی حوزەیران، ئاژانسەكەی سوپای پاسداران بڵاوی كردەوە كە سیستمی بەرگریی ئەو وڵاتە، فڕۆكەیەكی تری F-35ـی ئیسرائیلییان خستووەتە خوارەوە، فڕۆكەوانەكەش بە پەڕەشووتەكەی خۆی هەڵداوەتە خوارەوە.
لەلایەكی ترەوە هەر ئەمڕۆ میدیای فەرمیی ئێران ئاشكرای كرد، سێ زانای تری ئەتۆمی لە ئاكامی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە كوژراون.
بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیمی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، هەریەك لە عەلی بەكایی كەریمی، مەنسوور عەسكەری و سەعید بورجی لە زانایانی ئەتۆمیی ئێران كوژراون.
لە بەرەبەیانیی هەینی 13ی حوزەیران، ئیسرائیل دەستی بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران كرد و لە رۆژی یەكەمی ئەو جەنگەدا زیانێكی زۆری گیانی و مادی بە ئێران گەیاند، ئێوارەی هەمان رۆژ ئێران وەڵامی هێرشەكەی دایەوە و هەرچەندە زۆربەی مووشەكەكانی ئێران لە ئاسمان تەقێنرانەوە، بەڵام ژمارەیەك مووشەك كەوتنە خوارەوە و بەر شوێنی نیشتەجێبوون كەوتن.
بەپێی دواین زانیارییەكانی میدیا فەرمییەكانی ئێران، 80 كەس كوژراون كە ژمارەیەكیان لە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران بوون، ژمارەیەكی تریان لە زانا ئەتۆمییەكان و سەرووی 300 كەسیش بریندار بوون. لە ئیسرائیلیش بەهۆی مووشەكەكانی ئێران، 80 ئیسرائیلی تا ئێستە بریندار بوون كە سێ كەس لەوانە بەهۆی قورسیی برینەكانیان گیانیان لە دەست داوە.