ئاگادارییەكی گرنگ لە وەزارەتی ناوخۆوە...

:: AM:01:21:15/06/2025 ‌
لە چوارچێوەی ئاسانکاری بۆ ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراقەوە لە فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە گیریان خواردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژوورێکی هاوئاهەنگیی تایبەتی پێکهێناوە و چەندین ڕێکاری نوێی ڕاگەیاند، کە گرنگترینیان پێدانی ڤیزای ترانزێتە لەلایەن تورکیاوە و دانانی دوو هێڵی گەرمە بۆ تۆمارکردنی زانیاری.

بەپێی ئاگادارییەكی وەزارەتی ناوخۆ، هەر هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ڕێگەی دوو ژمارەی واتسئەپەوە "9647508035680 و 9647508035681" پێوەندی بکات و زانیارییەکانی خۆی تۆمار بکات. هەروەها، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تورکیا، هاووڵاتیان دەتوانن بەبێ ڤیزەی پێشوەختە بگەڕێنەوە فڕۆکەخانەکانی ئیستەنبوڵ و لەوێ ڤیزای ترانزێتی پێنج ڕۆژە وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگای وشکانییەوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

دەقی ئاگادارییەكە وەك خۆی: 
ژوورێکی هەماهەنگی لە دامەزراوەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتووە بۆ ئاسانکاری رێکارەکانی گەڕانەوەی هاووڵاتیانمان بۆ کوردستان کە لە فرۆکەخانەکانی دەوروبەر کە بە هۆی دۆخی هەنووکەییەوە ئاسمانی عيراق داخراوە، توشی مانەوە هاتوون. لەمبارەیەوە ژووری هەماهەنگی ئەم خاڵانەی خوارەوە وەکو ئاگاداری بە هاونیشتیمانیان دەدات:

یەکەم: لە هەر فرۆکەخانەیەکی وڵاتانی ناوچەکە وەستاون و داوای هاوکاری دەکەن دەتوانن پەیوەندی بە یەکێک لەم دوو ژمارە تەلەفونە (لە رێی وەتس ئەپ) بکەن کە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ ئامادەی کردوون و زانیارییەکانتان رەوانە بکەن:
+9647508035680
+9647508035681
دووەم: فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کوردستان بە هاوکاری دامەزراوەکانی حکومەتی تورکیا رەزامەندی وەرگرتووە کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە پاسپۆرتی عێراقی لە هەر فڕۆکەخانەیەکی ناوچەکە بن بتوانن بێ فیزەی پێشوەختە بە هێلی ئاسمانی تورکش ئێرلاینس یان هەر هێلێکی دیکەی تورکی بگەڕێنەوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیستەمبوڵ یان سەبیحە و لە گەڵ گەیشتن فیزەی ترانزێتی پێنج رۆژ وەردەگرن.  لەوێشەوە دەتوانن بە زەمینی یان بە هێلی ناوخۆیی تورکیا گەشت بکەن بۆ یەکێک لە فرۆکەخانەکانی نزیک لە سنووری هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل بگەڕێنەوە کوردستان.
سێیەم: ئەو هاووڵاتیانەی لە وڵاتانی ئەوروپا لە فرۆکەخانەکان ماونەتەوە و بە پاسپۆرتی عێراقی (فیزەی شینگن)یان هەیە، دەتوانن بە ئۆنلاین فیزەی تورکی وەربگرن یان بێ فیزە بگەڕێنەوە و لە فرۆکەخانەکانی تورکیا وەکو لە خاڵی دووەم هاتووە فیزە وەربگرن.
چوارەم: لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران تیمەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکاری پێویستیان کردووە بۆ بە خێرایی راپەڕاندنی ئەرکی هاونیشتیمانیانمان کە لە ئێران یان لە تورکیا بە رێگای زەمینی دەگەڕێنەوە وڵات.



وشە - پۆڵا مەحموود