دوا بەدوای هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەهاناچوونی هاووڵاتییان و گەڕاندنەوەیان بە سەلامەتی كە گەشتەكانیان بەهۆی داخستنی فڕۆكەخانەكان راگیراوە، بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانەی پێوەندیتان بە هێلە گەرمەكانەوە كردووە، یان فۆرمی ئۆنڵاینی تایبەتتان پڕ كردووەتەوە و ئەوانەش لەهەر شوێنێكی تری دنیا گیرتان خواردووە، تكایە بفەرموون بە ئەنجامدانی ئەو خاڵانەی خوارەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی توركیا و گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
1-سەردانی نزیكترین نووسینگەی نێردە دیپلۆماسییەكانی توركیا، كۆنسوڵگە یان باڵوێزخانەی توركیا بكەن لەو وڵاتانەی كە تێدا گیرتان خواردووە، راستەوخۆ ڤیزای ترانزێتی سێ رۆژتان پێ دەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ توركیا، دواتر بە رێگەی وشكانی بۆ هەرێمی كوردستان.
2- پێویستە ئەو تكتەی كە پێی دەگەڕێتەوە توركیا، لە رێگەی یەكێك لە هێڵە ئاسمانییە توركییەكان ببڕدرێت و جیاوازی ناكات بۆ هەر فڕۆكەخانەیەكی ئەو وڵاتە بێت.
3- هاووڵاتییان تكایە لەو خاڵانەی خوارەوە دڵنیا ببەوە:
* دڵنیا ببەوە لەوەی كە تكتەكەت بڕیبێت بەر لە چوونت بۆ كۆنسوڵگە بۆ وەرگرتنی ڤیزە، چونكە مەرجە تكتەكەت لە هێڵێكی توركی بێت تا سوود لەو كارئاسانییە وەربگری.
*دڵنیا ببەوە لەوەی كە 72 سەعاتەكە دوای وادەی دەرچوونت بێت لەو وڵاتە، چونكە ڤیزەكە تەنیا بۆ 72 سەعاتە.
*پێویستە ئەو كەسانەی كە داواكاری وەرگرتنی ڤیزەی توركیا دەكەن، ناویان لە لیستی قەدەغەكراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و هیچ پێشینەیێكی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت.
* ئەگەر هاتوو پاسپۆرتەكەت هی دۆمۆنیكا یان هەر پاسپۆرتێكی ترە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقیەكەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نووسینگەی نێردە دیپلۆماسییەكان، تا سوودمەند بیت لەو كارئاسانییە.
بۆ زانین ئەو كارئاسانییە كاتییە و تەنیا تا كردنەوەی ئاسمانی عێراق بەردەوام دەبێت.
تكایە لە بوونی هەر كێشەیەك هەمان هێڵە گەرمەكانی ژووری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشیی هەماهەنگیی قەیرانەكان و فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە بەكار بێنە و لە كاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێی تیمەكانەوە لە پێشوازی ئێوەن و ئاسانكاری تەواویان كردووە و لە چاوەڕوانیتاندان.
ئەو هاووڵاتییانەش كە لەو ناوچانەن كە بە وەرگرتنی ڤیزەی توركیا كێشەكانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەكەینەوە كە هەوڵەكانمان چڕتر دەكەینەوە و تا هەر هاووڵاتییەك مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین.