لیژنەی تەناهیی و ژووری ئۆپراسیۆنی هەولێر كۆبوونەوە

:: PM:03:27:17/06/2025 ‌
بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی تری هێزە تەناهییەكان، كۆبوونەوەی لیژنەی تەناهی و ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی راگەیەنراوی پارێزگار، لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە سەرجەم هێزە تەناهییەكان كرد لە بەرانبەر هاوكاری و هاوئاهەنگیان لەگەڵ یەكتر، لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەولێری پایتەخت و سەروماڵ و گیانی هاووڵاتییان، بەرقەراركردنی یاسا و نەهێشتنی دیاردە ناشارستانی و دزێوەكان و ئەو كارانەی كە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامیان داوە.

هەروەها دووپات لە گرتنەبەری هەموو ڕێكارێكی پێویست لە یەكە كارگێڕی و ئیداری و هێزە تەناهییەكان كردەوە، بۆ هاریكاریكردنی یەكتر و بە جێگەیاندنی ئەركەكانیان و پتەوكردنی هاوئاهەنگیی نێوانیان، لە ئەگەری ڕوودانی هەر ئەگەر و ڕووداێكی نەخوازراو لە پێناو سەلامەتی و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم