حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی هەیە

:: AM:09:45:18/06/2025 ‌
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە و سێ تەوەر گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، یەكێكیان دۆخی ناوچەكە و شەڕ و ئاڵۆزی و پێشهاتە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەر دەكرێ.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی حوزەیران، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، كۆ دەبێتەوە و سێ بڕگە تاوتوێ دەكات.

 
لە بڕگەی یەكەمدا دۆخی ناوچەكە و شەڕ و ئاڵۆزی و پێشهاتە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەر دەكرێ.

لە بڕگەی دووەمدا پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە درێژكردنەوەی كاركردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ بە ڕێژەی 20% بۆ شەش مانگی دیكە (1ی تەمووزی 2025 تا 31ی كانوونی یەكەمی 2025) گفتوگۆ دەكرێ.

لە بڕگەی سێیەمدا، بەدواداچوون دەكرێت بۆ بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ژمارە 159 لە ڕێكەوتی 19ی ئاداری 2025 تایبەت بە دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژی پزیشكیی گشتی و خستنەڕووی وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر ئەم بابەتە بە نووسراویان ژمارە 1162 لە 9ی نیسانی 2025.




وشە - رامیار جەواد