سبەی دادگای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەسەر مووچە كۆ دەبێتەوە

:: PM:12:36:18/06/2025 ‌
بڕیارە سبەی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچە كۆ ببێـتەوە و بڕیاری خۆی بدات.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی حوزەیران، بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە سبەی پێنجشەم دادگە لەسەر دەركردنی ئەمری وەلائی بۆ خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە.

ئەوەش زانراوە، دادگا نووسراوی بۆ ئەو مەبەستە تەواو كردووە و بە سەرجەم ئەندامانی دادگا گوتراوە سبەی بۆ ئەو مەبەستە ئامادەبن.

ئەندامانی دادگا هیوایەكی زۆریان هەیە ئەمری وەلائی دەربكەن و  تا بتوانرێت بەزوویی دەست بە خەرجكردنی مووچەی مانگی  ئایاری هەرێمی كوردستان بكرێت .

ئەمڕۆ چوارشەم 18ـی حوزەیران، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستاندا رای گەیاند، لەم یەك دوو ڕۆژەدا نامەم بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە، چاوەڕوانین و هیوادارین دادگا لە قازانجی خەڵكی كوردستان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بڕیار بدات .

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەت لەبارەی ناوەڕۆكی نامەكە دەڵێت، سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەكرد پێش دوو ڕۆژ  نامەیەكی تایبەتی بۆ دادگای فیدراڵی عێراق ناردووە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

دەشڵێت، بەم نزیكانە دادگای فیدراڵی كۆدەبنەوەو بڕیار لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدەن.

ئەوە لە كاتێكدایە بەبێ‌ هیچ هۆكارێك وەزارەتی دارایی عێراق لە 28ـی ئایار، مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانی راگرتووە.




وشە - رامیار جەواد