ئەمڕۆ كۆتایی بە پڕكردنەوەی فۆرمی زەوی بۆ فەرمانبەران دێت

:: AM:08:57:19/06/2025 ‌
وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی كوردستان، رۆژی 20ـی حوزەیرانی 2025ـی وەك دوا وادەی وەرگرتنی فۆرمی پێدانی زەویی بە فەرمانبەران و خانەنشینان دیاری كرد، كە ئەمڕۆ كۆتایی دێت، چونكە بەیانی هەینییە و پشووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی حوزەیران، بەپێی نووسراوی ژمارە 661ی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرجەم داودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادار كراونەتەوە، كارەكانی فۆرمی وەرگرتنی زەویی فەرمانبەران و خانەنشینان، چارەسەری كەموكوڕییەكان و گشت بەڵگەنامەكانیان تا 20ـی ئەم مانگە تەواو بكەن.

دەشڵێت، لە دوای ئەو رێكەوتەوە هیچ فۆرمێكی تازە وەرناگیرێت و مامەڵەكان دەوەستن، بەمەیش كۆتایی دەوامی ئەمڕۆ ئەو مامەڵەیە دەوەستێت.

وەزارەتی شارەوانی باسی لەوەش كردووە، لەلایەن لیژنەی باڵای وردبینیی وەزارەتەكەیان، تا ئێستە وردبینیی بۆ 420 هەزار فۆرمی خانەنشین و فەرمانبەران كراوە، رەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تەرخانكردنی پارچەیەك زەویی نیشتەجێیان بۆ وەرگیراوە و ئاراستەی شارەوانییە پێوەندیدارەكان كراوە، ئێستە لیژنەكە كارەكانی لە قۆناغی كۆتاییدایە.

27ی ئایاری ئەمساڵ، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد و دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە.



وشە - رامیار جەواد