كۆمسیۆن لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن قسەی هەیە

:: AM:09:27:19/06/2025 ‌
لەلایەن میدیاكانی عێراقەوە هەواڵێك بڵاو كراوەتەوە، بەشێك لە سیاسییەكانی عێراق و حزبەكان لە هەوڵی ئەوەدان هەڵبژاردنی ئەمساڵ دوابخەن، بەڵام كۆمسیۆن روونكردنەوە دەدات و دەڵێت، لە ئامادەكارییەكانمان بەردەوامین.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی حوزەیران، رەوەند قەشقەیی ئەندامی تۆڕی چاودێریی هەڵبژاردنەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بەردەوامی هەیە و كۆمسیۆن سەرقاڵی كارەكانی خۆیەتی.

زیاتر گوتی، ئەگەری دواخستن دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێكی یاسایی نەك سیاسی، چونكە بە یاسا كاتەكەی دیاری كراوە، بۆیە ئەگەر دۆخێكی نالەباریش هەبێت، دەكرێت لە دادگا بڕیارێكی لەو شێوەیە یان سێ‌ سەرۆكایەتییەكەیە بە رێككەوتن ئەو بڕیارە بدەن.

هاوكات عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆن، بە میدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاندووە، كارەكانی كۆمسیۆن بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە دەچن، بەبێ ئەوەی هیچ ئاستەنگێك لە بەردەم كارەكانی كۆمسیۆندا هەبێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، شەڕی ئێران و ئیسرائیل كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان نابێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریكراو لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە دەچێت، دواخستنی ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنەش بەهۆی شەڕەوە یان هەر هۆكارێكی ترەوە نابێت.

بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت كە شەشەم هەڵبژاردنە لە دوای ساڵی 2003وە، بەڵام تا ئێستە ڕوون نییە كە ئایا بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێران هەڵبژاردنەكە دەكرێت یان نا.



وشە - رامیار جەواد