سبەی ماوەی قەدەغەی راوەماسی لە هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت

:: AM:10:41:19/06/2025 ‌
سبەی ماوەی قەدەغەی راوەماسی لە هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت، وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێ، راوكردن بە كارەبا و مادە ژەهراوییەكان و تەقەمەنی قەدەغەیە.

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان، لە 10ـی ئادارەوە راوكردنی ماسیی لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ قەدەغە كرد. سبەی ئەو وادەیە كۆتایی دێ و راوەماسی ئاسایی دەبێتەوە.

پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەریی سەربە وەزارەتی كشتوكاڵ، ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كشتوكاڵی هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستانی كردبووەوە، لە 10ی ئادارەوە تا 20ی حوزەیران وەرزی راوەماسی قەدەغەیە.

وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێ، راوكردن بە كارەبا، مادەی ژەهراوی و تەقەمەنییەكان و تۆڕی ورد كە ببێتە هۆی لەناوبردنی بەكۆمەڵی زیندەوەرانی ئاوی، لە هەموو كاتێكدا قەدە‌غەیە.



وشە - سۆران عەزیز