لەبارەی گەشتی عومرە هاووڵاتییان ئاگادار دەكرێنەوە

:: AM:11:29:19/06/2025 ‌
بەرپرسێكی حەج و عومرەی كوردستان رای گەیاند، هێشتا گەشتی عومرە دەستی پێ‌ نەكردووەتەوە، بۆیە پێویست ناكات كۆمپانیاكان بانگەشە بۆ چوونە عومرە بكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی حوزەیران، كاروان ستوونی گوتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێمە پێش دەستپێكی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ، بە نووسراوی فەرمی هەموو كۆمپانیاكانی حەج و عومرەمان ئاگادار كردبووەوە كە تا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە، دەرگای پێشكەشكردن بۆ كۆمپانیاكان نەكاتەوە بۆ وەرزی عومرە، هیچ كۆمپانیایەك بۆی نییە تاكلایەنانە وادەی دەستپێكردنی گەشتەكانی عومرە رابگەیەنێت.

زیاتر گوتی، دووپاتی دەكەینەوە و ئاگاداری هەموو خاوەن كۆمپانیاكانی حەج و عومرەی كوردستان دەكەینەوە، ئەوانەی مۆڵەتی فەرمییان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، بە هیچ شێوەیەك رێكلام و بانگەشە بۆ گەشتی عومرە نەكەن، تا بەشێوەیەكی فەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی كوردستان  ڕادەگەیەنرێت.

باسی لەوەش كرد، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی كوردستان بە مەبەستی دەستپێكردنی پرۆسەی عومرەی ئەمساڵ، بە پلانێكی تۆكمە و بە بەرنامەیەكی تازە و رێنوێنیی نوێ، دەرگای پێشكەشكردن بە ڕووی كۆمپانیاكانی حەج و عومرە دەكاتەوە.

ئەوەش دەشڵێت كە بە پێویستی دەزانن ئاگاداری كۆمپانیاكان بكەنەوە، خۆیان لە رێكلامكردن و دەستنیشانكردنی وادەی عومرە بەدوور بگرن، تا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی كوردستان رای دەگەیەنێت، هەر كەس و كۆمپانیایەكیش سەرپێیچی بكات، ئەوا ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و كارگێڕی دەبێتەوە.



وشە - رامیار جەواد