ئەنجوومەنی شوورای هەرێم بڕیارێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەڵوەشاندەوە

:: AM:09:07:23/06/2025 ‌
ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان بڕیاری دا، گشتاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە كە تایبەت بوو بە وانەگوتنەوە لە زانكۆ و پەیمانگە ناحكوومییەكان.

ئەمڕۆ دووشەم 23ـی حوزەیران، بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی شوورای هەرێم، بڕیار درا بەهەڵوەشاندنەوەی گشتاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی ژمارە (17392)  لە 5/ 9/ 2024، ئەویش قەدەغەكردنی وانەگوتنەوەی مامۆستایانی میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان.

ئەنجوومەنی شوورای هەرێم لە ناوەڕۆكی بڕیارەكەیدا دەڵێت، میلاكی زانكۆ حكوومییەكان دوای تەواوكردنی نیسابی وانەگوتنەوە لە زانكۆ حكوومییەكان، دەتوانن لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان (ئەهلییەكان) وانە بڵێنەوە بە رەزامەندیی سەرۆكی زانكۆ و كۆلێژ و بەش.

ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر مامۆستایانی زانكۆ باسیان لەوە كردبوو، بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا وا دەكات مامۆستایان لە وانەگوتنەوە بێبەش بن لە زانكۆ تایبەتەكان، بەتایبەت ئەو مامۆستایانەی تازە بڕوانامەیان بەدەست هێناوە.


وشە - رامیار جەواد