ئەمڕۆ 38 ساڵ بەسەر كیمیابارانی شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە تێدەپەڕێت. لە ئەنجامی كیمیابارانەكەدا 110 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لە دەست دا و زیاتر لە هەشت هەزار كەسیش بریندار بوون.
28ـی حوزەیرانی ساڵی 1987 سەعات چوار و 25 خولەكی دوای نیوەڕۆ، فڕۆكەكانی ڕژێمی بەعسی عێراق چوونە سەر ئاسمانی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە چەكی قەدەغەكراوی كیمیایی شارەكەیان سووتاند و جەستەی هەزاران كەسیان كردە قوربانی.
فڕۆكەكانی ڕژێمی بەعس لەو ڕۆژەدا حەوت جار بە گازی كیمیایی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیان بۆردمان كرد، دوو بۆمبیان لەناو بازاڕی شارەكە دا و دوو بۆمبی تریان لە گەڕەكەكان و سێ بۆمبیشیان لە گوندەكانی دەوروبەری سەردەشت هەڵدایە خوارەوە، ئەمە سەتان كەسی خستە ناو نەخۆشخانەكان، بەجۆرێك هیچ جێگەیەك نەمابوو بۆ چارەسەر.
بەپێی ئامارە فەرمییەكان، لە كۆی 12 هەزار دانیشتووی شاری سەردەشت، هەشت هەزار و 25 كەس بریندار بوون، چوار هەزار و 500 لە بریندارەكان پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە بوو، بەڵام تەنیا 300 كەس لە بریندارەكان چارەسەریان بۆ كراوە.
سەرەڕای ئەوەش لە گوندەكانی دەوروبەری سەردەشت، هەزار و 500 كەس بەهۆی پیسبوونی هەوا، بە سەختی بریندار بوون و پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەبووە.
لە ماوەی 36 ساڵی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك بەهۆی ئازار و نەبوونی چارەسەری پێویست، گیانیان لە دەست داوە و بەشێكی زۆریشیان تا ئێستە بە ئازاری برینداریی چەكی كیمیاییەوە دەژین.