نێردەی تایبەتی ئەمەریكا دێتە هەولێر و لەگەڵ مەسروور بارزانی و مەزڵووم عەبدی كۆ دەبێتەوە

:: PM:01:16:28/06/2025 ‌
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر بڵاوی كردەوە، بڕیارە تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا، سەردانی هەولێر بكات و لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و هاوكات مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كۆ ببێتەوە.

ماڵپەری ئەلمۆنیتۆر لە زاری چوار سەرچاوەوە باسی لەوە كردووە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا، لە یەكەم سەردانی فەرمیدا بۆ ناوچەكە، سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بكات، گەشتەكەی باراك لە كاتی پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بارزانی لە نۆی ئەم مانگە پلانی بۆ دانراوە.

سەرچاوەكە باسی لەوە كردووە، تۆم باراك و مەسروور بارزانی باسیان لە بابەتە گرنگەكانی پێوەندیدار بە سووریا و عێراق كردووە، هەروەها لەو گفتوگۆیەدا لەبارەی وادەی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كراوە.

ئەلمۆنیتۆر ئاماژەی بەوەش داوە، هەر لە سەردانەكەیدا بۆ هەولێر، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریا كۆ دەبێتەوە.

سەردانی تۆم باراك بۆ هەولێر دەبێتە یەكەمین سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكە، چاوەڕوان دەكرێت لەو كۆبوونەوەدا مەسروور بارزانی داوا لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سووریا بكات، رێز لە ماف و داخوازیی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان بگرن.



وشە - سۆران عەزیز