تێستی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر دەستی پێ‌ كرد و دوو هەفتەی تر دەكرێتەوە

:: PM:02:02:28/06/2025 ‌
پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر ئەمڕۆ كارەبای بۆ گواسترایەوە بۆ ئەوەی تێست بكرێت، لە دوو هەفتەی داهاتوودا دەكەوێتە كار.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی حوزەیران، رابەر حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ كارەبا بۆ پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر گواسترایەوە.

زیاتر گوتی، ئێستە پەمەپەكانیش دانراون و پێشبینی دەكرێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا بكرێتەوە و بكەوێتە كار.

باسی لەوەش كرد، ئەو بەشەی لە سەرەتای پڕۆژەكە دەكەوێتە كار و هاووڵاتییان تێیدا سوودمەند دەبن.

پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، لە ڕۆژێكدا 480 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ هەر سەعاتێك 20- 21 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ گەڕەكەكانی شاری هەولێر دەنێرێت. 

پڕۆژەكە بە چوار هێڵی سەرەكی لە نێوان گەڕەكەكانی نێوان شەقامی 120 مەتری و شەقامی 150 مەتری جێبەجێ دەكرێت؛ كە گەڕەكەكانی نێوان ئەو شەقامانە و دەرەوەی شەقامەكان و هەریەك لە گەڕەكەكانی دارەتوو، بنەسڵاوە، كەسنەزان، پیرزین، شاوێس، بەحركە، عەنكاوە و سێبیران لێی سوودمەند دەبن.

پرۆسەی وەرگرتنی ئاوی پڕۆژەكە لە زێی گەورە دەست پێ دەكات و پاككردنەوە و پاڵاوتنی ئاوەكە و فلتەركردن و كلۆركردنی‌ ئاوەكە، بە ستانداردی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)  و عێراقی جێبەجێ دەكرێت.

لە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، 200 كیلۆمەتر بۆڕیی سپایرۆڵ بەكار دێت، 280 كیلۆمەتر بۆڕیی ئەسیلین بە تیرەی 160 ملم و 220 ملم و 250 ملم بۆ بەستنەوەی پڕۆژەكە بە گەڕەكەكانی شاری هەولێر بەكار دێت. ڕۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاو بە تەواوی بۆ گەڕەكانی شاری هەولێر دەنێرێت.

جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر بە تەواوی چارەسەر دەكات، دەبێتە هۆی داخستنی زیاتر لە هەزار بیری ئاو، بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و بەفیڕۆنەدانی.

لە هەشتی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری دانا، پڕۆژەكە بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلارە، لە ماوەی كەمتر لە 550 ڕۆژ جێبەجێ دەكرێت و بە تەواوبوونی پڕۆژەكە،‌ كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر بە ڕێژەی 100% چارەسەر دەبێت.



وشە - رامیار جەواد