د.دڵشاد محەمەد كە لەماوەی رابردوودا چەندان دۆسیەی دژی حزبەكان و لە نێویشیاندا حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان جووڵاندبوو، وەك سەربەخۆ خۆی لە سنووری بازنەی سلێمانی كاندید كرد و دەڵێ، دەبمە جێگرەوەی هەموو حزبە ئۆپۆزسیۆنە ساختەكان.
ئەمڕۆ شەموو 28ی حوزەیران، د. دڵشاد محەمەد پزیشك و چالاكی مەدەنی، بە "وشە"ی راگەیاند، لە سنووری بازنەی سلێمانی وەك كەسایەتی سەربەخۆ خۆی كاندید كردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
ڕوونیشی كردەوە كە ئێستە سەرۆكی حزب هەیە كاندیدە عەرەبی نازانێت، چ جای ئەوە بچێتە پەرلەمانی عێراق و داكۆكی لە مافی كورد بكات لە بەغدا. هەروەها رەخنەی لەو حزبانەیش گرت كە چەندان ساڵە لە بەغدان و ناتوانن كێشەكان چارەسەر بكەن.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە وەك هەمیشە بە راستگۆییەوە كار دەكات " دەبمە جێگرەوەی حزبە ئۆپۆزسیۆنە ساختەكان كە بەردەوام خۆڵ دەكەنە چاوی خەڵك و خۆشیان ژێر بەژێر رێككەوتنی گەورەی پارە دەكەن".
لەماوەی رابردوودا، د.دڵشاد محەمەد چەندان جار راستەوخۆ چووەتە ناو كۆنگرەی رۆژنامەوانی بەشێك لە بەرپرسان و كۆنگرەكەی پێ بڕیون، هەروەك بە درۆزن و ساختەچی ناوی ئەو كەسانەی بردووە كە دیارترینیان عەلی حەمەساڵح سەرۆكی رەوتی هەڵوێست بوو كە چەندان جار كۆنگرەی رۆژنامەوانی لەلایەن د.دڵشادەوە لێ بڕاوە.