تەیموری ئەنفال: كاندیدێكی یەكێتی لە هەولێر كوڕی بەعسە و كوڕێكی بەهۆی مادەی هۆشبەر گیرا

:: PM:05:25:29/06/2025 ‌
تەیموری ئەنفال رای گەیاند، كاندیدێكی یەكێتی لە هەولێر باوكی بەعس بووە و كوڕێكی خۆیشی لەسەر مادەی هۆشبەر لە بەغدا گیراوە، بەڵام بە سوڵحی عەشایەری بۆی چارەسەر دەكرێت. 

تەیموری ئەنفال كە پێشتر راوێژكاری قوباد تاڵەبانی بوو، لە فەیسبووكی خۆی بڵاوی كردەوە، یەكێتی بەعسی و جاش كوڕی بەعسی لە سنووری بازنەی هەولێر كاندید كردووە.

ڕوونیشی كردەوە، ئەو كەسەی ئێستە كاندیدی یەكێتییە و هەر پەرلەمانتاری عێراقیشە، لە ماوەی ڕابردوودا كوڕێكی لە بەغدا بەهۆی پێشێلكردنی یاساكانی عێراق لەسەر مادەی هۆشبەر گیرا، بەڵام بەهۆی باوكی و پێگەی حزبی چارەسەری ئەو كێشە دەكرێت.

"ئەمانە چۆن لە ڕابردوودا كوردیان لەناودەبرد و ئەنفال دەكرد ئێستەیش بەهەمانشێوە پلەباڵاكانی حزبیان بەدەست گرتووە و ناهێڵن یەك كوڕ و كچی شەهید و ئەنفال پۆستێكی باڵای حزبی وەربگرن هەمووی لای خۆیانە ئەمەش بەجورێك لەجۆرەكان دووبارە و سێبارە ئەنفالكردنی نەوە بەجێماوەكانی دوای پرۆسەی ئەنفالە". تەیموری ئەنفال وای نووسیوە.

ئەو دەڵێ‌، هەر ئەو كاندیدەی یەكێتی لەساڵی 2020 مامەڵەی بە دەنگی هەرسێ ئەندامەكەی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی نەینەوا كردبوو، لە بەرانبەر دەنگدانیان لە بەرژەوەندیی پارێزگار 850 ملیۆن دینار و ئۆتۆمبێلێكی مارسیدس وەرگرتبوو.


وشە - وشه‌