بۆ مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک: قۆناغێکی نوێی دابەشکردنی کارتی "هەژماری من" دەستی پێ کرد

:: PM:08:50:29/06/2025 ‌
بەشی ڕاگەیاندنی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاگاداری ئەو مامۆستایانە دەکاتەوە کە ناویان لە قۆناغی نوێی پرۆژەی "هەژماری من"دا دەرچووە، ئەوا دەتوانن سەردانی بانکی دیاریکراو بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بانکیی تایبەت بە مووچەکانیان.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی بەشی راگەیاندنی خوێندنی كوردی كە ئەمڕۆ یەكشەم 29ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە،  پرۆسەکە لە ڕۆژی دووشەم، 30 حوزەیرانی 2025، لە بانکی چەمچەماڵ بەڕێوە دەچێت. بەڵام دووپات کراوەتەوە کە ئەم ئاگادارییە تەنیا ئەو مامۆستایانە دەگرێتەوە کە کورتەنامەی فەرمی (SMS)ـیان لەلایەن بانکەوە پێ گەیشتووە بۆ سەردانی کردن.

بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان، داوا لە مامۆستایان کراوە کە لە کاتی سەردانیان بۆ بانک، ئەم بەڵگەنامانەیان پێبێت:

ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی نیشتمانیی ئەسڵی.

ئەو ژمارە مۆبایلەی کە هەژمارە بانکییەکەی لەسەر تۆمار کراوە.

ڕاگەیاندنەکە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەو بەڕێزانەی پێشتر کارتی "هەژماری من"یان وەرگرتووەتەوە، پێویست ناکات جارێکی تر سەردانی بانک بکەنەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود