هەفتەی داهاتوو دەست بە نۆژەنكردنەوەی سێ ڕێگەی سەرەكیی كۆیە دەكرێت

:: AM:09:28:30/06/2025 ‌
بڕیارە سێ ڕێگەی سەرەكیی كۆیە نۆژەن بكرێنەوە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، زیاتر لە یەك ملیاری دیناری بۆ تەرخان كراوە.

كۆیە شارێكی دێرین و ناوداری كوردستانە و لە مێژوودا خاوەن چەندان كەسایەتیی سیاسی و ئەدەبی گەورە بووە و دەور و پێگەی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورددا گەلێ دیارە، بەڵام بەهۆی كێشەی دوو ئیدارەیی لە كوردستان، چەندان ساڵە بێ خزمەت ماوەتەوە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستە خەریكی دوو سایدێكی ستراتیجییە لە هەولێرەوە بۆ كۆیە، بەمەش خزمەتێكی زۆری شارەكە دەكرێت.

ئەندازیار كۆسار حەمەد بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی كۆیە ڕای گەیاند، دەرخستەمان بۆ ڕێگە سەرەكییەكانی كۆیە كردووە، چونكە بەشێكی ئەو رێگانە تێكچوون و بۆ هاتوچۆ ئەستەم بوون.

گوتیشی، لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە تەندەرینگی بۆ كراوە و دراوە بە كۆمپانیەكی ناوخۆ، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو دەست بەكارەكان بكات.

ئەوەشی باس كرد، پڕۆژەكە سێ ڕێگەی سەرەكیی كۆیە دەگرێتەوە، یەكەمیان ڕێگەی كۆیە- تەقتەقە كە نزیكەی حەوت كیلۆمەتر دەبێت، دووەمیان ڕێگەی كۆیە- ڕاپەڕینە كە نزیكەی هەشت كیلۆمەتر دەبێت، سێیەمیان ڕێگەی هەولێر- كۆیە دەگرێتەوە، ئەو شوێنانەی كە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە.

بڕی یەك ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنەوەی سێ ڕێگەكە دانراوە، بەشێكی زۆری قیرە كۆنەكە هەڵدەگیرێت و قیری تازە دەكرێتەوە.



وشە - سۆران عەزیز