ئامادەكارییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بۆ دانانی چەك، بە چاودێریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستیان پێ كردووە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی تەموزدا گرووپێك چەكەكانیان دانێن، وەك خۆشیان رایان گەیاندبوو ئەمە وەك نیازپاكییەكە بۆ پرۆسەی ئاشتی.
رۆژنامەی نەفەسی توركی بڵاوی كردەوە، بە چاودێری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێنج خاڵی جیاوازدا چەكدانان ئەنجام دەدرێت و سەرجەم چەكەكان تۆمار دەكرێن.
بەگوێرەی زانیاریی میدیا توركییەكان، پرۆسەكە درێژخایەن دەبێت و بەپێی قۆناغ دەبێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق سەرپەرشتیی دەكەن.
پێشتر رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا رای گەیاند، هەرێمی كوردستان بۆ نزیككردنەوەی هەردوولا توركیا و پەكەكە، رۆڵی خۆی گێڕاوە و لە داهاتووشدا هەمان رۆڵی دەبێت.
لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە سەرەتای ئەم مانگەوە رای گەیاند، توركیا دەچێتە قۆناغێكی نوێوە و پێ دەنێتە ناو داهاتوویەكی بەهێزترەوە.
هاوكات دەشڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێكی دەمپارتی دەبینێت و باسی زۆر لەو خاڵانە دەكەن كە بڕیارە لە پرۆسەكەدا جێبەجێ بكرێن.
میدیای سەربە پارتی كرێكاران پێشتر رای گەیاندبوو، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەیەك گەریلای پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) وەك نیازپاكی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە توركیا، چەك دادەنێن. ڕاشی گەیاندووە، ڕێوڕەسمی چەكدانانەكە دەكەوێتە سەرەتای مانگی تەمووز و لە هەرێمی كوردستانیش دەبێت.