هەسەدە حكوومەتی سووریا بە ڕفاندنی خەڵك تۆمەتبار دەكات

:: PM:12:24:30/06/2025 ‌
میدیای فەرمیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، لە بەرانبەر ڕفاندنی چەند كەسێك لە نێوان حەلەب و هەرێمی باكور و ڕۆژئاوای سووریا (ڕۆژئاڤا) "لە ژێر هەڕەشەی چەك"، حكوومەتی سووریا بە پێشێلكاریی ڕێككەوتنی حەلەب، تۆمەتبار دەكات كە لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ واژۆوو كرا. 

ئاژانسی هاوار نیوز كە زمانحاڵی هەسەدەیە، ئەمڕۆ دووشەم 30ی حوزەیران ڕای گەیاند، "لە خاڵێكی پشكنینی هاوبەشی نێوان ئاسایشی گشتیی دیمەشق و میلیشیاكانی سەربە توركیا، چەندان كەس ڕفێنراون و تا ئێستە چارەنووسیان نادیارە". 

ئاژانسەكە ناوی ڕفێنراوەكانی بڵاو كردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بە ناونیشان و پێگەیان نەداوە، تەنیا گوتوویەتی هاووڵاتین.

هەسەدە كردەكەی بە "پێشێلكارییەكی زەق"ی ڕێككەوتننامەی حەلەب ناو بردووە كە لە 14 خاڵ پێكهاتووە، مەبەست لێی ڕێكخستنەوەی كاروباری تەناهیی هەردوو گەڕەكی كوردنشینی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی شاری حەلەبە. ڕێككەوتنەكە نەخشەڕێگەیەكی بۆ كشانەوەی چەكدارەكانی هەسەدە و بەڕێوەبردنی هاوبەشی گەڕەكەكان لەلایەن هێزە فەرمییەكانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا و هێزی ئاسایشی كوردی داڕشتووە. هەروەها بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە، دەبێت ئاسانكاریی هاتوچۆ لە نێوان گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر (ڕۆژئاڤا) بكرێت.

لەمبارەیەوە میدیای فەرمیی هەسەدە، دەسەڵاتدارانی دیمەشق بە جێگیركردنی میلیشیاكانی سەربە توركیا لە خاڵەكانی پشكنین و هەروەها سنوورداركردنی ئازادیی هاتوچۆ تۆمەتبار دەكات، كە هەردووكیان خاڵێكن لە ڕێككەوتننامەی حەلەب.

لە 10ی ئاداری ئەمساڵ، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سووریا، ڕێككەوتننامەیەكیان بۆ یەكگرتنی دامەزراوەكانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ حكوومەتی سووریا و هەروەها ڕادەستكردنی بیرە نەوتییەكان و خاڵە سنوورییەكان، واژوو كرد. ڕێككەوتنی حەلەب لە ژێر سایەی ڕێككەوتننامەی عەبدی و شەرع كرا، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی دیمەشق هیچ هەنگاوێكی كرداریی بۆ ددانان بە مافەكانی كورد و بەشداریپێكردنیان لە كایەی سیاسی نەكردووە، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش هێزە كوردییەكان بایكۆتی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و حكوومەتی سووریایان كردووە.

محەمەد كامەران


وشە - وشه‌