دوایین قۆناغی پرۆسەی وردبینیكردن لە فۆرمی زەویی فەرمانبەران تەواو بووە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ وەرگرتنی رەزامەندی، ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت.
سەربەست مەولوود سەرپەرشتیاری تیمی وردبینیی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی گوتی، "لە دوایین قۆناغی ناوەكاندا سەرووی 35 هەزار فۆرم لەلایەن تیمەكانەوە وردبینییان بۆ كراوە، لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێن.
تا ئێستە 543 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین ڕەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هاتووەتەوە، بەشێكیان زەوییان وەرگرتووە و بەشێكی تریان، زەویان بۆ ئامادە دەكرێت و لە رۆژانی داهاتوو تیروپشكیان بۆ دەكرێت.
شارەوانییەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی دوای گەڕانەوەی ناوی سەرجەم سوودمەندان، بەگوێرەی خاڵ زەوییان بەسەردا دابەش دەكەن.
لە پرۆسەی دابەشكردنی زەوی نزیكەی 50 هەزار خانەنشین لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان سوودمەند دەبن، تا ئێستە فۆرمی نزیكەی 30 هەزاریان پەسند كراوە و گەڕێنراونەتە شارەوانییەكان.
پرۆسەكە بەبڕیاری سەرۆكی حكوومەت وەك هاوكارییەك بۆ فەرمانبەران دوای چەندان ساڵ راوەستانی، لە كابینەی نۆیەم بڕیاری دووبارە دەستپێكردنەوەی درا. بڕیارەكەش بووە هۆی خۆشحاڵیی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە.