خۆڵبارین تاكەی بەردەوام دەبێت و پێوستە لە كاتی خۆڵبارین چی بكرێت؟

:: AM:09:16:01/07/2025 ‌
كەشناسیی هەرێمی كوردستان دەڵێت، خۆڵبارین لە كاتەكانی بەیانی زوو لە زۆربەی ناوچەكان بەردەوام دەبێت، پلەكانی گەرماش یەك بۆ سێ پلە نزم دەبنەوە و كەشناسی عێراقیش دەڵێت، شەپۆلێكی خۆڵبارین زۆربەی ناوچەكانی عێراق دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم یەكـی تەمووز، كەشناسیی هەرێم بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ بەیانییەكەی تا دوای نیوەڕۆ، لە زۆربەی ناوچەكان خۆڵبارین بەردەوام دەبێت، دواتر بۆ كاتەكانی نیوەڕۆ كاریگەریی خۆڵبارینەكە لاواز دەبێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت و مەودای بینین پێنج بۆ حەوت كیلۆمەتر دەبێت، پلەكانی گەرماش یەك بۆ سێ پلە نزم دەبنەوە بەراورد بە تۆماركراوەكانی دوێنێ.

بەپێی رێنوێنیی پزیشكان لە كاتی خۆڵباریندا پێویستە ئەم كارانە بكرێن:
١ـ لە كاتی چوونەدەرەوەدا ماسك بەكار بهێنن و زوو زوو بیگۆڕن.

٢ـ لە كاتی خۆڵباریندا لە ماڵەوە بمێنەرەوە و مەچۆرە دەرەوە.

٣ـ چاویلكە و قەترەی چاو بەكار بهێنە بۆ پاراستنی چاوەكانت.

٤ـ چاوەكانت بشۆ لەبری خوراندنی چاو.

٥ـ بەباشیی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەكەت دابخە.

٦ـ لە كاتی خۆڵبارین لە پلەی گەرمی بەرزدا بڕێكی باش ئاو بخۆرەوە.

٧ـ لە كاتی شۆفێریدا جامەكانی ئۆتۆمبێلەكەت دابخە.

٨ـ ئەوانەی نەخۆشیی رەبۆیان هەیە، بەبەردەوامی پەمپی ئۆكسجین هەڵبگرن لە ژێر رێنوێنیی پزیشكیدا چارەسەر وەربگرن.





وشە - سۆران عەزیز