لە سەیدسادق سێ كەس گیران.. بڕی 50 ملیۆن دینار و 22 هەزار دۆلاریان دزیبوو

:: AM:10:26:01/07/2025 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رای گەیاند لەسەر سكاڵای هاووڵاتییەك و لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە، سێ تۆمەتبار گیران كە بڕێكی زۆر پارەیان دزیبوو.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك سكاڵای تۆمار كرد كە لە ماڵەكەی دزیی لێ كراوە و پارەی لێ براوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەست پێ كرد.

ئاماژەی بەوەش كرد كە دوای لێكۆڵینەوەكان، توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە، تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و بگیرێن كە بڕی 50 ملیۆن دیناری عێراقی و 22 هەزار و 500 دۆلاری ئەمەریكییان لە ماڵی سكاڵاكار دزیوە،لە كاتی گرتنیشیاندا دوو چەك لە جۆری دەمانچە و دوو ئۆتۆمبێل و بڕێك لە پارە دزراوەكە گیران.

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، تۆمەتباران (ش، س، ع – ر، م، أ – م، ج، ن) بە بڕیاری دادوەر راگیران و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە.



وشە - سۆران عەزیز