شەوی رابردوو دوو درۆن لە سلێمانی كەوتنە خوارەوە، یەكێك لە درۆنەكان بۆ بارەگایەكی تەناهیی ناوچەكە ئاراستە كرابوو و ئەوی تریشیان لە تاسڵووجە تەقیوەتەوە، ئەمەیش یەكێتیی نیگەران كردووە.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی تەمووز، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" بۆ ئەو درۆنانەی شەو رابردوو ئاراستەی سلێمانی كراون، دەركەوتووە هەردووكیان بۆمبڕێژكراو بوونە.
ئەوەش زانراوە یەكێك لە درۆنەكان بۆ بارەگایەكی حزبی لە سنوورەكە ئاراستە كراوە، بەڵام پێش گەیشتنی بەو شوێنە، دەكەوێتە خوارەوە و دەتەقێتەوە و ئاگر لە شوێنەكە دەكەوێتەوە.
دوای رووداوەكە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانی و ترسی خۆی بە نووسینگەكەی سوودانی دەگەیەنێت.
ئەو فراكسیۆنە داوایەكی بەپەلە ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات، تا بەپەلە لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە بەئامانجگرتنی پارێزگاكانی كەركووك و سلێمانی لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوو پێكبهێنێت.
فراكسیۆنی یەكێتی داواش دەكات سەرچاوە و ئاراستەی مووشەكەكان دیاری بكەن، ئەو لایەنانەش ئاشكرا بكەن لە پشت ئەو كارانەوەن كە لە دوو شەوی ڕابردوو هێرشیان كردە سەر كەركووك و سلێمانی.
هەرچەندە لە سەرەتادا پەنجەی تۆمەت بۆ داعش درێژ دەكرا، بەڵام لە سۆشیال میدیا باس لەوە دەكرێت گرووپێكی سەربە حەشد ئەو كارانە دەكەن، لە داهاتووشدا ئەوە پشتڕاست دەكرێتەوە.