زانیاری نوێ‌ لەبارەی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا گەیشت

:: PM:01:18:02/07/2025 ‌
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان كۆ بووەوە، لەبارەی كۆبوونەوەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی شاندەكانی هەرێم و بەغدا گفتوگۆ كرد، هاوكات ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی گرنگ هەیە كە بڕیاردان یەكلا دەكاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم دووی تەمووز، بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بەڕێوە چوو.

تەوەری كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە باسكردنی كۆبوونەوەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی شاندەكانی هەولێر و بەغدا كە گفتوگۆیان كردووە، بەتایبەتی لە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

سەرچاوەیەكی باڵا بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەی كۆبوونەوەیەكی گرنگی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی و دەرهێنانی نەوت ناسراو بە ئەپیكۆر بەڕێوە دەچێت.

زیاتر گوتی، لە نێوان كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان و حكوومەتی عێراق، كۆبوونەوەیەك بەڕێوە چووە، كۆمپانیاكان بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان گوتووە ئێمە لە رێككەوتن نزیكین لەگەڵ عێراق، ئەوەش بە نووسراو پێشكەشی عێراق كراوە تا سەرۆك وەزیران واژووی بكات و ببێتە رێككەوتنی فەرمی.




وشە - رامیار جەواد