بەیانیی دوێنێ لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە، چەند شۆفڵ و ئامێرێك كە كاریان گواستنەوەی خۆڵ بوو لەسەر رێگەكە، پاترییەكانیان دزراوە، دوێنێ كارەكانیان وەستا و ئەمڕۆ دەستیان بەكار كردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی تەمووز، ئیبراهیم عەلی كە شوفێری حەفارەیە، بە "وشە"ـی راگەیاند، ڕاستە بەیانیی دوێنێ دزیی كرابوو و چەند ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر پاترییەكانیان دزرابوو، ئەو ڕۆژە ئیشەكان وەستان.
زیاتر گوتی، ئەو ئۆتۆمبێلانە بریتی بوون لە حەفارەی گەورە و گوێزەرەوەی خۆڵ كە ئەو ئامێرانە كاریان لە رێگەی هەولێر- كۆیە دەكرد و خۆڵەكەیان دەگواستەوە.
باسی لەوەش كرد، دوێنێ پۆلیسی هەولێر هاتووەتە شوێنی رووداوەكە و بەدواداچوونی دەست پێ كردووە، بۆیە دوێنێ بەهۆی ئەو كێشەیە نەتوانراوە ئیش بكرێت.
روونی كردەوە، ئەمڕۆ ئەو ئامێرانە پاترییان بۆ دابین كراوە و دەستیان بەكار كردەوە و هیچ كێشەیەكیان نەبووە.
رێگەی هەولێر- كۆیە و رێگەی هەولێر- گۆمەسپان، ئێستە بە سەتان ئامێر كاری تێدا دەكرێت و هەوڵ دەدرێت بە خێرایی ئەو رێگەیە بكرێتە دووساید.