ئەمشەو چوارشەم، دووی حوزەیرانی 2025، ئومێد خۆشناو بڵاوی كردەوە، جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجیی دووسایدی هەولێر-کۆیە بەخێرایی بەڕێوەدەچێت و قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بەرەو تەواوبوون دەڕوات. بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، ماوەی نێوان هەردوو شارەکە لە سەعاتێكەوە بۆ کەمتر لە نیو سەعات کەم دەکاتەوە و ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشەی ئابووریی ناوچەکە فەراهەم دەکات.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی داوە، پڕۆژەکە کە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانییەوە بەردی بناغەی بۆ دانرا و بڕی 435 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، ئێستە لە قۆناغی بڕین و پڕکردنەوە و خۆڵکارییدایە و تا نزیک دێگەڵە (نزیکەی 20 کیلۆمەتر) کاری تێدا کراوە. تا ئێستە زیاتر لە یەک ملیۆن مەتر سێجا کاری بڕین و زیاتر لە یەک ملیۆن مەتر سێجاش پڕکردنەوە ئەنجام دراوە.
پارێزگاری هەولێر روونی كردووەتەوە، یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی پڕۆژەکە، دروستکردنی شوێنی تایبەتە بە پەڕینەوەی ئاژەڵەکان، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هاتنە سەری ڕێگەکەیان بکرێت و هیچ مەترسییەک بۆ شۆفێران دروست نەکەن.
سەرەڕای ئەوەی تۆبۆگرافیای شاخاویی ناوچەکە کەمێک کارەکانی سست کردووەتەوە، بەڵام کارەکان بە شێوازێکی زانستی و پێشکەوتوو بەڕێوەدەچن، هاوکات دیزاینی یەکەم پردی سەر ڕێگاکە، کە دەکەوێتە بەرانبەر باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، تەواو بووە و بەم زووانە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، درێژیی ڕێگاکە شەش کیلۆمەتر کورت دەبێتەوە و لە 52 کیلۆمەترەوە دەبێتە 46 کیلۆمەتر، هەروەها بەهۆی بوونی تونێلێک لە کۆتایی ڕێگاکە، ڕێگاکە لە هەولێرەوە بۆ هیزۆپ - دووکان نزیکەی 20 کیلۆمەتر کورتتر دەبێتەوە، کە ئەمەش خزمەتێکی گەورە بە هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی دەکات.