نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی UN كۆبووەوە

:: PM:01:00:03/07/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی UN كرد، لە كۆبوونەوەیەكدا دۆخی سیاسی و گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان، هاریكاری و هاوئاهەنگیی نێوان یۆنامی و لایەنە پێوەندیدارەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرا.

ئەمڕۆ پێنجشەم سێی تەمووز، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە د. محەمەد ئەلحەسا‌ن نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاریی عێراق (یۆنامی) كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا دۆخی سیاسی و گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان، هاریكاری و هاوئاهەنگیی نێوان یۆنامی و لایەنە پێوەندیدارەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرا. لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاریگەری و لێكەوتەكانی بەسەر ناوچەكەوە، بیروڕایان گۆڕییەوە.

نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی دیار و یارمەتیدەرانە و هاوكارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و یۆنامی لە بوارە جیاجیاكاندا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە، هەروەها ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ‌ پێشكەشكردنی هەموو ئاسانكاری و هاوئاهەنگی و پشتگیرییەكی پێویست تا ماوەی كۆتاهاتنی ئەركیان پێشان دا‌.

لای خۆیەوە ئەلحەسان ستایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و یۆنامیی بۆ هاریكاریی لایەنە پێوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی. دووپاتی لە گرنگیی پاراستنی عێراق لە كێشەكانی ناوچەكە كردەوە.

هەروەها هەردوولا چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا و لێكگەیشتنی نێوانیان بە پێویست زانی كە لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقدایە، خزمەت بە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵات دەكات‌.

چەند پرسێكی تری جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.



وشە - رامیار جەواد