نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە خاتوو ئانو سارێلا باڵوێزی فینلەندا لە عێراق كرد. نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەرك و هەوڵەكانی لەپێناو برەودان بە پێوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراقدا، سوپاس و پێزانینی پێشكەش بە خاتوو سارێلا كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەم سێی تەمووز، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی ماڵئاواییكردن، پێشوازیی لە ئانو سارێلا باڵوێزی فینلەندا لە عێراق كرد.
لە دیدارێكدا نێچیرڤان بارزانی، بۆ ئەرك و هەوڵەكانی لەپێناو برەودان بە پێوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراقدا، سوپاس و پێزانینی پێشكەش بە خاتوو سارێلا كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێیدا بۆ خواست، هەروەها خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ پتەوكردنی زیاتری پێوەندییەكان و هاریكاریی هاوبەشی لەگەڵ فینلەندا دووپات كردەوە.
لای خۆیەوە سارێلا ستایشی هاریكاریی لایەنە پێوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ خۆی و ستافەكەی لە ماوەی كاركردنیدا كرد. دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بە بایەخەوە لە پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانێت و هەمیشە خوازیارە لە هەموو بوارەكاندا، هاریكاریی هاوبەشیان فراوانتر بكەن.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، پێوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و ئامادەیی و ڕۆڵی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان خرانە بەرباس.