مونا قەهوەچی: بەغدا مووچەی كردووەتە كارتێكی سیاسی

:: PM:01:45:03/07/2025 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، بەغدا كارتی مووچەی كردووەتەوە كارتێكی سیاسی و دژی هەرێمی كوردستان بەكاری دەهێنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم سێی تەمووز، مونا قەهوەچی پەرلەمانتاری كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئاشكرایە بەغدا رۆژ دوای رۆژ دژایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم زیاتر دەكات، بە ئەنقەست كێشە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی دروست دەكات.

زیاتر گوتی، ئێستە كە داوا دەكەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەست بە بەغدا بكات، ئەوا ئەوان لە بەرانبەردا مووچەی فەرمانبەران دەنێرن، باشە ئەگەر هەرێمی كوردستان پارەی پێویستی لە بودجەدا نەماوە، ئەی چۆن ئێستە پارە هەیە و مووچە دەنێرن، بێگومان لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە بەغدا مووچەی كردووەتە كارتێكی سیاسی بۆ لاوازكردن و دژایەتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بەكاری دەهێنێت.

روونی كردەوە، عێراق تەنیا دەیەوێت درێژە بە كێشەكان بدات و هیچ پابەندی رێككەوتنەكان نەبێت، ئاشكراشە كە هەموو ئەو رێگرییانە دژیەكن لەگەڵ یاسا و دەقە دەستوورییەكان و بڕیاری دادگای فیدراڵی.

روونی كردەوە، حكوومەتی عێراق هێشتا خشتەی بودجەی ساڵی 2025 نەناردووەتە ئەنجوومەنی نوێنەران و پەسند نەكراوە، كەواتە نەناردنی مووچە و ئەو رێگرییانەی كە حكوومەتی ناوەند و وەزیری دارایی عێراق بەرانبەر بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دروستی دەكەن، جگە لە شەڕێكی دەروونی و هەوڵ بۆ برسیكردن و لاوازكردنی ئیرادەی تاكی كوردستانی، هیچی تر نییە، هەرچەندە ناتوانن و ئیرادەی حكوومەتی هەرێم و تاكی كوردستانی زۆر لەوە بەهێزتر و گەورەترە بەو هەوڵە بچووك و نەزۆكانە لاواز بكرێت.




وشە - رامیار جەواد