ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رای گەیاند، سەرباری ئەو گەمارۆ توندەی لەلایەن بەغداوە لەسەر قووتی فەرمانبەران دروست كراوە، بەڵام پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەردەوامن و بەهۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە بەردەوام دەبین لە خزمەت.
ئەمڕۆ پێنجشەم لە میانی دانانی بەردی بناغەی نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵان و ئافرەتان، كە بە گوژمەی "دوو ملیار و 300 ملیۆن" دینار بە ستاندەردی جیهانی نۆژەن دەكرێتەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رای گەیاند، پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەردەوام دەبن.
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی كە پەیامنێری "وشە" ئامادەی بوو، خۆشناو گوتی، وێڕای تەنگژەی دارایی، حكوومەتی عێراق و یاریكردن بە قووتی فەرمانبەران كە چەندان ساڵە بەرۆكی حكوومەتی هەرێمیان گرتووە، بەڵام پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە هەولێر بەردەوامن.
دووپاتی لەوە كردەوە كە بەهۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەكان بەردەوام دەبن و لە خزمەتكردنی خەڵك ناوەستین.