لە هەولێر رێوشوێنی توند دژی زێدەڕۆیی ئاو و پیسكردنی ژینگە دەگیرێتە بەر

:: PM:04:29:03/07/2025 ‌
لە هەولێر، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بڕینی زێدەڕۆیی سەر تۆڕی ئاو و پاراستنی ژینگە و پاكوخاوێنیی شەقام و شوێنە گشتییەكانی شار بەڕێوەچوو.

بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بڕینی سەرپێچی و زێدەڕۆییەكانی سەر تۆڕی ئاو و پاراستنی ژینگە و پاكوخاوێنی شەقام و شوێنە گشتییەكانی شار بەڕێوەچوو.

لە راگەیەنراوێكی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، بە پێویست زانرا هاووڵاتییان هاوكار و هاوئاهەنگ بن لە بەفیڕۆنەدانی ئاو و ئەنجام نەدانی زێدەڕۆیی و سەرپێچی لەسەر تۆڕەكانی ئاوی خواردنەوە، كە سامانێكی نیشتیمانییە و سەرچاوەكانی موڵكی گشتین و بەڕێوەبردن و پاراستنی ئەركێكی ئەخلاقی، ئاینی و نیشتیمانیی هەموو لایەكە و هەمووان بەرپرسن لە بەرانبەریدا. لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، بۆ ڕێگرتن لە بەردەوامیی خراپ بەكارهێنانی سەرچاوەكانی ئاوی پاكی ماڵان و بەفیڕۆدانی لەلایەن هاووڵاتییان لە گەڕەك، كۆڵان، شەقام، شوشتنگەی ئۆتۆمبێل، چێشتخانە، هوتێل و شوێنە گشتییەكان و نەبەستانی تەوافەی تانكیی ماڵان لەلایەن هاووڵاتییان، سەرجەم لایەنە پێوەندیدارەكانی ڕاسپارد جگە لە هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان، بەردەوام بن لەسەر بڕینی سەرپێچی و زێدەڕۆییەكانی سەر تۆڕی ئاوی پاك، بە توندیش رێکار بگرنە بەر لەگەڵ هەموو ئەو كەس و لایەنانەی ئاوی پاك بەفیڕۆ دەدەن.

لەبارەى پاكڕاگرتنی سەنتەری شار و شوێنەگشتییەكان لە زبڵ و خاشاك و پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر، تیشك خرایە سەر، دواى رێکار گرتنەبەر لە ماوەی ڕابردوو لەوانەی كە بەشێك بوون لە پیس بوونی ژینگەی شاری هەولێر، وەك پاڵاوگەكان، مۆلیدە ئەهلییەكان، ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە دووكەڵیان دەكرد و زیانیان بە ژینگەی شاری هەولێر دەگەیاند، تاڕادەیەكی زۆر باش توانرا ژینگەی شار بە جۆرێكی تر بێت، بۆ ئەو مەبەستەش جگە لە دووپات كردنەوە لە بەردەوامیدان بەو هەڵمەتە، داوا لە هاووڵاتییان كرا هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و هاوكار بن بۆ پاكڕاگرتنی ژینگەی شار.

پارێزگاری هەولێر دوای بەدواداچوونی بۆ كارەكانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر و بەستنەوەی پڕۆژەی خێرای ئاوی هەولێر‌ بە تۆڕە ناوخۆییەكانی ناوشار و پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، كە ئێستە كارەكانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر لە قۆناغی كۆتایی دایە و كارەكانی بەستنەوەی پڕۆژەكەش بە تۆڕە ناوخۆییەكانی ناوشاری هەولێر لە تەواوبوون دایە، لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو هێڵی یەكەمی ئەو پڕۆژەیە دەكەوێتەكار و بەشێك لەو گەڕەكانەی كەوتوونەتە نێوان شەقامی ڕەشكین تاوەكو شەقامی كۆیە لە دەرەوەی شەقامی خێرای 120 مەتری، بەهۆییەوە ئاو دەگاتە گەڕەكەكانیان و كێشەی ئاویان نامێنێت، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەش كە ئێستە ڕێژەیەكی زۆر باش لە كارەكانی كۆتایی هاتووە، بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵ بەكۆتا بێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم