د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئامانجی ستەمكاران تەسلیم بوونە بە ئیرادەی ئەوان و تێكدانی ئاداب و كولتوور و تەنانەت بەلادابردنی سێمبولە پیرۆزەكانی ئاینی و نیشتمانییە، كە ئەمە ھەرگیز ڕوو نادات.
ئەمڕۆ پێنجشەم، سێی تەمووزی 2025، لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێكی وتارخوێنانی ھەولێرو دەوروبەری، ڕۆڵی مامۆستایانی لە پەرەپێدانی وتاری میانڕەوی و گیانی تەبایی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی بە گرنگ و بایەخەوە خستە ڕوو. دواتر رای گەیاند، گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ئەو زوڵمەی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بەرانبەر خەڵكی كوردستان گرتوویەتیەبەر و بەردەوامە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئێستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگەداری ئەو پێشێلكاریانەیە، كە بەغدا بۆ كوردستانی دروستكردووە، ئامانجیشیان ئەوەیە كە قەوارەی دەستووریی ھەرێم لاواز بكەن و مێژوو و خەباتی میللەت نادیدە بكەن، بۆیە ئەگەر جاران بە كوشتن و وێرانكاری بوو، ئەمرۆ لە ڕێی بڕینی بژێوی و نانی خەڵكی كوردستان و برسیكردنی ڕاستەوخۆ و ئازاری یەك بە یەكی خەڵكی سەربەرزی كوردستان دەدەن، ئامانجی ستەمكاران تەسلیم بوونە بە ئیرادەی ئەوان و تێكدانی ئاداب و كولتوور و تەنانەت بەلادابردنی سێمبولە پیرۆزەكانی ئاینی و نیشتمانییە، كە ئەمە ھەرگیز ڕوو نادات.
هەروەها دووپاتی كردەوە، كێشەكە چارەسەر دەبێت، لە ئەنجام، خوای گەورە لەگەڵ ڕاستبێژانە دڵنیاتان دەكەمەوە كوردستان و خەڵكە سەربەرزەكەی سەردەكەوێت.