بەزەبری هێز رێی نێوان پردێ‌ بۆ كەركووك كرایەوە

:: PM:05:27:03/07/2025 ‌
بەزەبری هێزە تەناهییەكان و دوای ئاڵۆزییەكی زۆر لە پردێ‌، كەمێك لەمەوبەر ڕێی نێوان پردێ‌ بۆ كەركووك كرایەوە، دوای ئەوەی لەلایەن خۆپێشاندەرانی بەرەی توركمانی لەو شارۆكەیە، گیرابوو. 

ئەمڕۆ پێنجشەم، سێی تەمووزی 2025، بۆ جارێكی تر خۆپێشاندانی لایەنگرانی بەرەی توركمانی لە پردێ‌ بەڕێوەچوو، خۆپێشاندانەكە گرژیی تێكەوت و بۆ ماوەیەكی زۆر ڕێی نێوان پردێ‌ بۆ كەركووك گیرا. 

لایەنگرانی بەرەی توركمانی دژی بەڕێوەبەرێكی نوێ‌ لە شارۆكەكە خۆپێشاندان دەكەن كە كوردە و تازە دانراوە، ئەوان ئەو پۆستە بە پشكی خۆیان دەزانن، بەڵام ئیدارەی كەركووك رەتی دەكاتەوە. 

رێبوار تەها، پارێزگاری كەركووك، بە میدیاكانی راگەیاندووە، بە هەموو جۆرێك ئەو داواكارییەی بەرەی توركمانی لە پردێ‌ رەت دەكرێتەوە. 

هەرجارێك خۆپێشاندان لە پردێ‌ بكرێ‌، ئاستەنگی هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و كەركووكیش دروست دەبێت، وەلید سەلیم لە بازگەكەی پردێوە، بە "وشە"ی راگەیاند، زیاتر لە سەعاتێكە وەستاوە و رێگاكە لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە گیراوە. 

لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەك لە بازگەی پردێ‌، بە "وشە"ی گوت، بەزەبری هێزە تەناهییەكان ئێستە یەكێك لە سایدەكان كراوەتەوە و هەوڵ هەیە بڵاوە بە خۆپێشاندەردان بكرێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم