ئەكادیمیای سەركردایەتی و بەڕێوەبردن لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم، خولێكی یەك هەفتەیی بۆ 100 ئافرەتی ئەفسەر و كارمەندی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبات.
رۆندك فارس عەبدوڵا كە سەرپەرشتیی پڕۆژەكە دەكات، لە لێدوانێكدا بۆ"وشە" رای گەیاند، ئەم پڕۆژەیە كارێكی هاوبەشی ئەكادمیای سەركردایەتی و بەڕێوەبردنی وەزارەتی ناوخۆیە، لەگەڵ سەنتەری ئەوروپی بۆ تەكنەلۆجیا و ڕاهێنان كە لەسەر ئاستی هەرچوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
ئەوەشی گوت، ئامانجی پڕۆژەكە بەرزكردنەوەی توانای ئافرەتانی وەزارەتی ناوخۆیە كە لە دامەزراوەكاندا خزمەتی هاووڵاتییان دەكەن، رۆڵی سەركردە لە ڕاپەڕاندنی كارەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان دەگێڕن.
باسی لەوەش كرد، ئامانجێكی ترمان بەهێزكردنی زیاتری متمانەیە لە نێوان هاووڵاتییان و دامەزراوەكانی حكوومەتدا، تا خزمەتی زیاتر پێشكەش بە هاونیشتمانیان بكەن.
روندك گوتی، ئەم پڕۆژانەی وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆ بایەخدان بە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە خزمەتی گشتی و بەرزكردنەوەی تواناكانیان بە زانست و میتۆدی سەردەمی سەركردایەتیكردن، تا بتوانن لە دامەزراوەكانی حكوومەتدا رۆڵ و كاریگەریی خۆیان پێشان بدەن و بەشدارێكی كاراتر بن لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری گشتی بۆ هاووڵاتییان.