وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە كە باس لەوە دەكرێت، بنكەیەكی ئیسرائیل لە كوردستان كرابێتە ئامانج و رای دەگەیەنێت، ئەوە دەستێكی حەشدی شەعبییە لە پشت ئەو دەنگۆیانەیە.
ئەمڕۆ شەموو پێنجی تەمووز، لە روونكردنەوەیەكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لە چەند میدیایەكی ئەلیكترۆنیی فەرمی لە ئێران، وا بڵاو كراوەتەوە كە گوایە شەوی ڕابردوو لە هەولێر بە درۆن هێرش كراوەتە سەر بنكەیەكی سەربە ئیسرائیل.
ئەو وەزارەتە دەڵێت، هەموو ئەو هەواڵانە چەواشەكارین و دوورن لە ڕاستی. نە بنكەی ئیسرائیلی لە كوردستان هەن و نە ئۆپراسیۆنی وایش ئەنجام دراون.
باس لەوەش كراوە، شەوی پێنجشەم لەسەر هەینی درۆنێك لە ناوچەیەكی چۆڵەوانی لە نزیك هەولێر كەوتووەتە خوارەوە. ئەم هێرشانەش لەلایەن هەندێ گرووپی سەربە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە ئەنجام دەدرێن، پێویستە لایەنە پێوەندیدارەكان لە حكوومەتی فیدراڵی سنوورێك بۆ ئەم كارە تێكدەرانە دابنێن و رێكاری یاسایی بەرانبەر بە تاوانباران بگرنەبەر.