لە سەنگاو ئاوێك ژەهراوی بووە و هەزاران ماسی و گیانداری تێدا فەوتان

:: AM:09:03:05/07/2025 ‌
لە گۆمێكی ئاودا لە سنووری شارەدێی سەنگاو، كەسێك بە مەبەستی راوكردن ئاوەكەی ژەهراوی كردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر ماسی لەناو چوون. هاوكات لە دەڤەری كەڵەكیش بەهۆی كارەباوە و زۆرینەی گیاندارانی ناو ئاوەكە مردوون.

بەهۆی راوەماسییەوە بەكارەبا، بەشێكی زۆر گیاندارانی ئاوی زێی گەورە لە كەڵەك مردوون و خەڵك دەڵێن، راوكەران بەهۆی كارەباوە هەرچی گیاندارانی ناو ئاوەكەیە دەیكوژن.

لە سنووری شارۆچكەی سەنگاویش كەسێك بەمەبەستی راوكردنی ماسی، ئاوەكەی ژەهراوی كردووە و زۆرینەی گیاندارانی ناو ئاوەكەی كوشتووە.

ئەگەرچی بەرپرسانی ئیداریی ناوچەكە تا ئێستە بێئاگایی خۆیانیان لەو كارەساتە راگەیاندووە و دەڵێن: ئەمڕۆ شەموو دەست بەلێكۆڵینەوە دەكەن، بەڵام ئاوەكە ژەهراوی بووە و ماسی و گیاندارانی تری ناوچەكە بەهۆی پیسبوونی ئاوەكەوە مردوون.

لەو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڤیدیۆیەك بڵاو كراوەتەوە گوایە كەسانێك بەكارەبا، لە ئاوی زێی گەورە راوەماسی دەكەن و بەهۆیەوە زۆرینەی گیاندارانی ناو ئاوەكەیان كوشتووە. 

ئەوانەی ڤیدیۆكەیان گرتووە دەڵێن: چەندان جار ئاگادارمان كردوونەتەوە ئەو كارە مەترسی لەسەر گیاندارانی ناو ئاوەكە دروست دەكات، بەڵام ئەو راوچییانە گوێی پێ نادەن و تا ئێستەش بەردەوامن.

لە تۆڕە كۆمەڵایتییەكانیش ڤیدیۆی ئاوەكەی سەنگاو بڵاو كراوەتەوە وەك دەڵێن: لەو گۆمەدا پێشتر ماسی زۆری تێدا بووە و خەڵكیش بۆ سەیران روویان تێدەكرد، بەڵام  بەهۆی ژەهراویكردنەوە كۆتایی بە هەموو شتێك هاتووە.

ئارام مەعرووف بەڕێوەبەری شارەدێی سەنگاو لەمبارەوە دەڵێت: هیچ كەسێك ئێمەی ئاگادار نەكردووە، بەڵام لە ئەمڕۆوە بەدواداچوونی بۆ دەكەین تا راستییەكانمان بۆ دەربكەوێت.



وشە - سۆران عەزیز