كارەبای 24 سەعاتی نرخی ئەم مانگەش زۆر كەمە

:: AM:10:35:05/07/2025 ‌
پڕۆژەی رووناكی كە كارەبای 24 سەعاتی بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات، بۆ ئەم مانگە نامەی بۆ هاووڵاتییان ناردووە و بەپێی كورتەنامەكان، نرخی ئەم مانگەش بۆ بەكارهێنەرانی نیوەی نرخی موەلیدە كەمێك زیاتر بووە.

ئەمڕۆ شەموو پێنجی تەمووز، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" بۆ نرخی نیوەی مانگی شەشی هاووڵاتییان بۆ كارەبای 24 سەعاتی كردوویەتی، دەركەوتووە پارەی كارەبا هێندە كەم هاتووەتەوە، نیوەی نرخی موەلیدەیە.

بەپێی بەدواداچوونەكان دەركەوتووە، بەشێكی زۆری هاووڵاتییان لە نێوان 165 كیلۆوات بۆ 350 كیلۆواتیان لە ماوەی 16 رۆژ بۆ هاتووەتەوە، ئەو نرخەش لە نێوان 12 هەزار بۆ 28 هەزار دینار دەكات.

پڕۆژەی رووناكیش بڵاوی كردووەتەوە، نرخی كارەبای 24 سەعاتی كەمترە و 80%ـی هاووڵاتییان لە پڕۆژەی ڕووناكیدا بەراورد بە پێشوو، پارەیەكی كەمتری كارەبا دەدەن.

پڕۆژەی رووناكی یەكێكە لە پڕۆژە دڵخوازەكانی هاووڵاتییان، موەلیدەكان بۆ هەمیشە بێدەنگ دەكرێن و هاووڵاتییان دەبن بە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی.

ئاستی یەكەم: لە 0 كیلۆوات سەعات بۆ 400 كیلۆوات سەعات نرخی هەر كیلۆوات سەعاتێك 72 دینار دەبێت.

ئاستی دووەم: لە 401 كیلۆوات سەعات بۆ 800 كیلۆوات سەعات نرخی هەر كیلۆوات سەعاتێك 108 دینار دەبێت.

ئاستی سێیەم: لە 801 كیلۆوات سەعات بۆ 1200 كیلۆوات سەعات نرخی هەر كیلۆوات سەعاتێك 175 دینار دەبێت.

ئاستی چوارەم: لە 1201 كیلۆوات سەعات بۆ 1600 كیلۆوات سەعات نرخی هەر كیلۆوات سەعاتێك 265 دینار دەبێت.

ئاستی پێنجەم: لە 1600 كیلۆوات سەعات زیاتر نرخی هەر كیلۆوات سەعاتێك 350 دینار دەبێت.

پڕۆژەی ڕووناكی لە هەمان كاتدا نرخی كارەبا بۆ جۆرەكانی تری هاوبەشانی كارەبا ڕادەگەیەنێت كە بەشێوەی جێگێر لێكدانەوەی بۆ دەكرێت كە بەم شێوەیە دەبێت:

بازرگانی- 185 دینار بۆ هەر كیلۆوات سەعاتێك.
كشتوكاڵی- 60 دینار بۆ هەر كیلۆوات سەعاتێك.
پیشەسازی- 160 دینار بۆ هەر كیلۆوات سەعاتێك.
پیشەسازیی گەورە- 125 دینار بۆ هەر كیلۆوات سەعاتێك.
میری- 160 بۆ هەر كیلۆوات سەعاتێك.



وشە - رامیار جەواد