ساڵی رابردوو یەكەم وەجبەی فەرمانبەران زەوییان لە نزیك گوندی ئاشۆكانی هەولێر وەرگرت، ئێستە مامەڵەی زەوییەكانیان بۆ كردنە كارت، لە تەواوبوون نزیك بووەتەوە و بەمنزیكانە پێیان دەدرێتەوە.
ئەمڕۆ شەموو پێنجی تەمووز، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" فەرمانبەرانی هەریەك لە وەزارەتەكانی پلاندان و شارەوانی و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، وەجبەی یەكەم كە ساڵی پار زەوییان بۆ دەرچوو، مامەڵەی كردنی كارتیان لە تەواوبوون نزیك بووەتەوە.
ئەوەش زانراوە، بەمنزیكانە كارتەكەیان وەردەگرنەوە، وەزارەتەكانی كار و پلاندانان و شارەوانی، زەوییەكانیان لە ئاشۆكانە و شوێنێكی گرنگ و ستراتیجی هەولێرە و دەكەوێتە سەر رێگەی هەولێر-دهۆك.
هاوكات بەپێی دواین لێدوانی مەریوان هادی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، بۆ "وشە" رای گەیاند، دابەشكردنی زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كە شارەوانیی هەموو قەزا و شارەدێ و كۆمەڵگەكانی سەربە پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە، 42 هەزار فەرمانبەر رەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان هەیە.
زیاتر گوتی، ناوەكانیان گەڕاوەتەوە بۆ شارەوانییەكان، لەوانەیە ناوی تریش هێشتا تەواو نەكرابێت و دوای وەرگرتنی رەزامەندی، ئەوانیش بگەڕێنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر دەشڵێت، ئێمە زەویمان لە سنووری 18 شارەوانی ئامادە كردووە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی زەویی فەرمانبەران بكرێت، هەموو فەرمانبەرێك كە رەزامەندیی حكوومەتی هەبێت، سوودمەند دەبێت لە وەرگرتنی پارچەیەك زەوی.
گوتیشی، ئەو زەوییانەی دابەش دەكرێن، كارتی زانیاری كراوەتە بنەما بۆ ئەوەی هەركەسە و لە شوێنی خۆی سوودمەند بێت لە وەرگرتنی زەوی، لەبەرئەوەش كارتی زانیاریی فەرمانبەرەكە له كوێ بێت، هەر لەو سنوورە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبێت.