وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەدواداچوونی بۆ كارەكانی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر كرد، دەركەوت پڕۆژەكە زۆربەی كارەكانی تەواو بووە.
ئەمڕۆ شەموو پێنجی تەمووز، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێری لە زۆنی ڕێگەی كۆیە و كەركووك و مووسڵ و ڕەشكین و شەقامی زانكۆی بەسەر كردەوە.
سەرەتا لە كەمپی پڕۆژەكە، دوایین بەرەوپێشچوونی كارە جێبەجێكراوەكانی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر لە سنووری هەرسێ شارەوانییەكانی 4 و 5 و 6 خرایەڕوو، بەدواداچوون لەبارەی كارەكان و ئاستەنگ و چارەسەرییەكان كرا. دواتر ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پڕۆژەكەی لە شەقامی زانكۆ بەسەر كردەوە و بەدواداچوونی بۆ كارەكان كرد، دووپاتی لە تەواوكردنی لە وادەیەكی زۆر نزیكدا كردەوە.
باس لەوەش كراوە، تا ئەمڕۆ زۆربەی كارەكانی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر لە زۆنی ڕێگەی كۆیە و كەركووك و مووسڵ كە ئەم زۆنە گەورەترین گرفتی كەمئاویان هەبوو، وەك بنەسڵاوە و مامزاوە و قەتەوی و دارەتوو و باغلومنارە و باغەمرە و گەڕەكەكانی ژین و ژیان و ڕۆشنبیری و 8ی حەسارۆك و چەندان گەڕەك و شوێنی تری دەرەوەی شەقامی 120مەتری، تەواو بووە و كاركردنیش بەخێرایی بەردەوامە و لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا ئەم زۆنە گەورەیە تەواو دەبێت.
لەبارەی زۆنەكانی تری پڕۆژەكەش، بە هەمانشێوە كاركردن تێیاندا بەردەوام دەبێت و لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا سەرجەم كارەكانی پڕۆژەكە تەواو دەكرێت، ئەوەیش بە یەكجاری گرفتی ئاوی هەولێر و دەوروبەری چارەسەر دەبێت.