پارێزەرێك: بەغدا خۆسەپێنە و چارەنووسمان جیابوونەوەیە لەگەڵیان

:: PM:02:27:05/07/2025 ‌
پارێزەرێك رای دەگەیەنێت، ئێستە دەبێ جاشە كوردەكان لە گرنگیی ریفراندۆم تێبگەن كە چارەنووس و داھاتووی میلەتی كورد، جیابوونەوەیە لە دراوسێی خراپ و خۆسەپێن.

ئەمڕۆ شەموو پێنجی تەمووز، محەمەد مەنتك پارێزەر، بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا دەیەوێ بەھەر جۆرێك بێت پارتی دیموكراتی كوردستان بكاتە ژێر ركێف و بەرژەوەندییەكانی خۆی، بۆیە هەر رۆژە و بە گوشارێك و كارتێك بەهانەیەك دەدۆزێتەوە كە توندترین كارتیان، بڕین و نەدانی مووچەیە كە مەبەست لە برسیكردنی میلەت بۆ تێكدانی ئابووری ھەرێمە.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەو كارانەی بەغدا دەیكات بە تەواوی دژی دەستوورە، بە ھیچ شێوەیەك نەبووە بابەتێكی دەستووری و ئابووری بە سیاسی بكرێت لە پێناو بەرژەوەندییەكانی لایەنێك لە بەغدا كە زۆرترین كات بەر لە ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق دووبارە دەبێتەوە.

لەبارەی ئەو لایەنە ناوخۆییانەی دەرگایان بۆ بەغدا كردەوە كە بەمشێوەیە سزای بە كۆمەڵی مووچەخۆران بدرێت، ئەو پارێزەرە گوتی، ئێستە دەبێ جاشە كوردەكان لە گرنگی ریفراندۆم تێبگەن كە چارەنووس و داھاتووی میلەتی كورد، جیابوونەوەیە لە دراوسێی خراپ و خۆسەپێن .

لێدوانی ئەو پارێزەرە لە كاتێكدایە كە ئێستە بەغدا بیانووی نەماوە، بەڵكو بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستانی وەك گوشارێكی سیاسیی بەكار دەهێنێت، خۆی دەسەپێنێ‌ بۆ ئەوەی كورد لەوەی بە دەستی هێناوە پەشیمان ببێتەوە.



وشە - وشه‌