د.زانا مەلا خالید: گرووپێك هەن تەنیا بە كوردی قسە دەكەن جێبەجێكاری پیلانی دوژمنانی گەلی كوردستانن

:: PM:05:03:05/07/2025 ‌
د. زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، گرووپێك هەن، تەنیا بە كوردی قسە دەكەن ئەگەرنا جێبەجێكاری ئەجێندا و پیلانی دوژمنانی گەلی كوردستانن، پیلانداڕێژەرن بۆ ئەو ئامانجەی نەیاران كە بە درێژایی مێژوو نەیانتوانی بەرانبەر گەلی كوردستان پێی بگەن.

ئەمڕۆ شەموو، پێنجی تەمووزی 2025، د. زانا مەلا خالید بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە فەیسبووكی خۆی بڵاوی كردەوە، جێگای سەرسووڕمان نییە، ئەگەر ببینین نەیارانی قەزیەی گەلەكەمان بە هەموو توانایەك هەوڵی لاوازكردن و سڕینەوەمان بدەن، ئەوە مێژووە و ئێمە خاوەن قەزیەی گەلێكی ستەمدیدە و ئەوانیش ستەمكار.

"ئەوەی جێی داخە، كەسان و گرووپێك هەن، تەنیا بە كوردی قسە دەكەن، ئەگەرنا جێبەجێكاری ئەجێندا و پیلانی دوژمنانی گەلی كوردستانن و پیلانداڕێژەرن بۆ ئەو ئامانجەی نەیاران كە بە درێژایی مێژوو نەیانتوانی بەرانبەر گەلی كوردستان پێی بگەن" د. زانا مەلا خالید وای نووسیوە.

هەروەها دەڵێ‌، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانە، گەشبینین بە تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە، گەشبینیمان لە خۆڕاگریی گەلەكەمان سەرچاوە دەگرێت كە بوونەتە قەڵغانی پاراستنی دەستكەوتەكان و هەنگاوەكانی جەنابی سەرۆك وەزیران، بۆیە گەشبین بن بەوەی "مەسرووری هەمووان" خۆڕاگرانە ڕووبەڕووی ئەو تەنگژانە دەبێتەوە و هێز و ئیرادەمان سەركەوتوو دەبێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم