لە سەلاحەدین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كرد.
بەگوێرەی هەواڵی بارەگای بارزانی، لە سەرەتای دیدارەكەدا شاندی میوان بەناوی خەڵكی هەڵەبجە سوپاس و پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە هەوڵەكانی بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێشتر پێشكەش بە هەڵەبجە كراون، هەروەها سوپاسی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتی هەرێم و پەرلەمان و نوێنەرانی هەرێمی كوردستانیان لە بەغدا كرد كە پێكەوە هەوڵی رژدیان دا بۆ سەرخستنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، هەروەها داوایان كرد سەرۆك بارزانی بەردەوام بێت لە پاڵپشتییەكانی خۆی بۆ هەڵەبجە و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ دەڤەری هەڵەبجە لەڕێی دامەزراوەكانی هەرێم.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە مێژوو و قوربانیدانی هەڵەبجە ڕای گەیاند، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەنیا بابەتێكی مەعنەوی و لەپێناو گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاترە و بە قوربانیدان و گەورەیی هەڵەبجە بەراورد ناكرێ.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە بە شانازییەوە خۆی بە ئەندامێكی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە دەزانێ و ئەركی دامەزراوەكانی هەرێمیشە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتگوزاریی هەڵەبجە ئەنجامی بدەن.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بەرچاوڕوونیی پێویستی خستەڕوو.