ئەو پڕۆژەی حكوومەت نەبووایە.. سلێمانی هاوینان تینووتر دەبوو

:: PM:08:09:05/07/2025 ‌
هەرچەندە ساڵانە بەشێكی زۆری گەڕەكەكانی سلێمانی رووبەڕووی كەمئاوی دەبنەوە، بەڵام بەهۆی پڕۆژەیەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ڕێی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ‌ كراوە، ئێستە هاوینان سلێمانی كەمتر تینووی دەبێت. 

دوابەدوای دانانی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە چوار ملیار دیناری بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی و فراوانكردنی پڕۆژەی ئاوی سلێمانی – دووكان بە كڕینی سێ پەمپی جۆری سولزەریی نەمساوی و یەك ماتۆڕی ئیلینی گەورە خەرج كرد، پڕۆژەكە وەك بایەخدان بە دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ شاری سلێمانی و چەمچەماڵ، وێڕای ئەمە پلانەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاویی سەرجەم شار و شارۆكەكان دەگرێتەوە.

دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ شاری سلێمانی و شارۆكەی چەمچەماڵ، پشت بە ئاوی دووكان دەبەستن لە ڕێی "پڕۆژەی ئاوی سلێمانی – دووكان"ـەوە ئاو بۆ ھەردوو شارەكە دابین دەكرێت، بەڵام بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووان و پێویستیی زیاتری ھاووڵاتییان بە ئاوی خاوێن، پڕۆژەكە پێویستی بە فراوانكردن بوو بۆ ئەوەی ڕێژەی دابینكردنی ئاوی خاوێن بەرز بكرێتەوە و كێشەی ئاو لەو شوێنانە چارەسەر بكرێت، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پلانی دایە گرفتی ئاو لەو شارانە چارەسەر بكات و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش چەند ساڵێك لەمەوبەر زیاتر لە چوار ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكرد.

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای گرفتە داراییەكان، لەبەر گرنگیی دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ دانیشتووانی شاری سلێمانی و شارۆكەی چەمچەماڵ، بڕیاری دا بە خەرجكردنی زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ فراوانكردنی پڕۆژەی ئاوی سلێمانی – دووكان، ئەویش بە كڕینی سێ پەمپی جۆری سولزەریی نەمساوی و یەك ماتۆڕی ئیلینی گەورە، بەگەڕخستنی ئەو پەمپانە رێژەی بەرهەمهێنانی ئاو بەرز دەكەنەوە و دەبێتە هۆی چارەسەركردنی گرفتی ئاو لەو شوێنانە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دایە بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاو لە هەرێمی كوردستان بە گشتی.

گرنگیی ئەو پەمپ و ماتۆڕی ئاوانە لەوە دایە، بەهۆیانەوە رێژەی دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان بەخێرایی بەرز دەبێتەوە، واتە بە دانان و بەگەڕخستنی ئەو ماتۆڕ و پەمپانە بۆ پڕۆژەی ئاوی سلێمانی – دووكان بەشێوەیەكی بەرچاو ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئاو لە 1500 مەتر سێجای ڕۆژانەوە بەرز دەبێتەوە بۆ 3200 مەتر سێجا.

ئەو پڕۆژەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هۆكاری سەرەكی بوو كە ئەمساڵ گەڕەكەكانی سلێمانی كەمتر بێ‌ ئاو بن، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەو كارە نەكرابایە، ئەوە لەم هاوینەدا سێ‌ بەشی سلێمانی ئاوی خاوێنى خواردنەوەی نەدەبوو.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم