موئەیەد تەیب: پێكهێنانی حكوومەتی نوێ‌ دەبێتە دەرفەتێك بۆ خزمەتی زیاتری خەڵكی كوردستان

:: PM:08:17:05/07/2025 ‌
سیاسەتمەدارێكی كورد رای دەگەیەنێت، پێویستە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان و لایەنەكان بگەنە رێككەوتن، چونكە پێكھێنانی حكوومەتی تازە دەبێتە ھۆی ئەوەی خزمەتی زیاتری خەڵكی كوردستان بكرێت و پڕۆژەی زۆر زیاتر پێشكەشی ھەموو ھەرێمی كوردستان بكرێت.

ئەمڕۆ شەموو، پێنجی تەمووزی 2025، موئەید تەیب، سیاسەتمەداری كورد بە "وشە"ی راگەیاند، دوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ھەندێك جار وا پێویست دەكات كۆبوونەوە بە كراوەیی بمینێتەوە تا لایەنەكان لەبارەی پۆستەكان و پێكهێنانی حكوومەتی تازە دەگەنە رێككەوتن، بەڵام خەڵك دەنگی خۆی داوە بۆ ئەوەی حكوومەت بەزوویی بێتە پێكھێنان، بۆ ئەوەی جارێكی تر شەرعیەت بە دامەزراوەكانی ھەرێمی كوردستان بدرێتەوە، لە ھەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992 قەوارەیەك دروست بووە پێویستە وەكو رێزێك لە دیموكراسیەت و پاراستنی زیاتری قەوارەی ھەرێمی كوردستان حكوومەتی تازە پەلەی لێ بكرێت و زوو پێكبێت بۆ ئەوەی بتوانێت ھەم پەرلەمان و ھەمیش حكوومەت زیاتر رۆڵی خۆیان ببینن، ئەو كێشانەی ھەن باشترە چارەسەر بكرێن و خەڵكیش زیاتر متمانەی بە ھەڵبژاردن ھەبێت.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئێستە پەرلەمان دوو مانگ پشووی وەرگرتووە، ئەمەش دەرفەتێكی باشە بۆ لایەنەكان بگەنە رێككەوتن، چونكە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقمان لەپێشە و ئەویش خۆئامادەكردنی پێویستە، بۆیە پێویستە بەھۆی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەش حكوومەت زوو پێكبێت و كاری زۆری لە پێش ھەیە.

تەیب باسی لەوەش كرد، ئەگەر حكوومەتی تازەی ھەرێمی كوردستان پێكبێت دەتوانێت خزمەتی زیاتری خەڵكی ھەرێمی كوردستان بكات و خەڵكیش چاوی لە حكوومەتی تازەیە، ئەوكات ئەو پرسانەی پێویستی بە یاسا ھەیە لە رێگەی پەرلەمان چارەسەر دەكرێت و یاسای بۆ دەردەكرێت، بۆیە پێكھێنانی حكوومەتی تازە دەبێتە دەرفەتێكی زۆرباش بۆ ئەوەی چەند خزمەت كراوە خزمەتی زیاتر بكرێت و پڕۆژەی زیاتر ئەنجام بدرێن.

وشە/ بڵند ئیبراھیم


وشە - سه‌رخێڵ هاشم