لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەندان سایلۆی نوێ دروست كراون، ئەو سایلۆیانە بوونە بناغەیەكی گرنگ بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستان، ئێستە ئەو سایلۆیانە گەنمیان تێدا كۆ دەكرێتەوە.
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كوردستان لە تەواوی شار و شارۆچكەكان بەردەوامی هەیە، بڕی دیاریكراوی وەرگرتنی گەنم بۆ ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان، بڕی 400 هەزار تۆنە كە بەغدا دیاری كردووە، تا ئێستە 290 هەزار تۆن لە جووتیاران وەرگیراوە، زۆرترینی لە پارێزگای سلێمانی بووە.
بەپێی بەدواداچوونی "وشە" كۆی گشتی گەنمی وەرگیراو، بریتییە لە 290 هەزار تۆن، ئەو سایلۆ و بنكانەی لێی وەردەگیرێت، بریتین لە هەولێر یەك سایلۆ و بنكەیەك لێی وەردەگیرێت، سلێمانی پێنج سایلۆ و بنكەیەك لێی وەردەگیرێت، دهۆك چوار سایلۆ لێی وەردەگیرێت.
سێبەر هەینی جێگری بەڕێوەبەری كۆمەڵەی جووتیارانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەوپەڕی ئەمانەتەوە لەگەڵ جووتیاران كاری كردووە، ئەوەی نایەوێ گەنمی جووتیاران وەربگرێت، بەغدایە.
زیاتر گوتی، وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەكاریی تەواوی كردووە بۆ وەرگرتنی گەنمی تەواوی جووتیاران، دوای كردنەوەی دەرگای سایلۆكان، وەرگرتنی گەنم لە 11 سایلۆی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە.
بەپێی دواین رێككەوتنی نێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمساڵ 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت، حكوومەتیش ئەو بڕەی بەپێی داچنێدراوی شارەكان دابەش كردووە.
بەپێی ئەو نرخەی دیاری كراوە تۆنێك گەنمی پلە یەك بە 825 هەزار دینار خەمڵێنراوە، ئەگەر جووتیارایش لە بازاڕی ئاسایی بیفرۆشنەوە، تۆنێك لە نێوان 550 هەزار بۆ 600 هەزار دینار دەكات.
وەرگرتنی ئەو گەنمە وایكردووە ژێرخانێكی گرنگ بۆ ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستان دابنرێت، ئەوەش دوای دروستكردنی چەندان سایلۆ لە شار و شارۆچكەكان.
بەپێی داتایەك "وشە" دەستی كەوتووە، لە ماوەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، لە هەولێر بە گوژمەی 21 ملیار دینار، پڕۆژەی دروستكردنی سایلۆی قوشتەپە جێبەجێ كراوە كە توانای كۆگەكردنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە.
بۆ كارئاسانیی جووتیارانیش پڕۆژەی دروستكردنی سایلۆی كەلار، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بەگوژمەی 20 ملیار دینار، جێبەجێ كراوە كە توانای كۆگەكردنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە.
لە سنووری دهۆكیش كە گەشەیەكی گرنگی كشتوكاڵی هەیە، پڕۆژەی دروستكردنی سایلۆ لە رۆڤیا لە دهۆك بە گوژمەی 18 ملیار دینار جێبەجێ كراوە، كە توانای كۆگەكردنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە.
حكوومەت هەڵەبجەشی وەك هەمیشە لە یاد بووە، سایلۆیەكی بەگوژمەی 26 ملیار دینار لە هەڵەبجە دروست كرا، ئەویش توانای كۆگەكردنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە.
ئەو سایلۆیانە كۆی گشتی تێچووەكەیان 85 ملیار دینار بووە كە بوونەتە ناوەندێكی گرنگ بۆ كۆكردنەوەی گەنم و هاندان بۆ جووتیاران، كە دڵنیا بنەوە لەوەی بەرهەمەكانیان نافەوتێت و گواستنەوەی دووریشیان پێویست نییە.
جگە لەوە كابینەی نۆی حكوومەت هەڵساوە بە رێككەوتن لەگەڵ دوو كۆمپانیای ناوخۆیی، ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە لە جووتیاران وەرناگیرێت، ئەو دوو كۆمپانیایە بە نرخێكی كەمێك هەرزانتر لە جووتیاران وەریدەگرن و دەیكەنەوە بەرهەم بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان.