ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، رەزامەندیی دا لەسەر كۆنووسی پێشنیاركراوی لیژنەی باڵای تایبەت بە ساغكردنەوە و بەبازاڕكردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تەمووز، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بڵاوی كردەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، رەزامەندیی دا لەسەر كۆنووسی پێشنیاركراوی لێژنەی باڵای تایبەت بە ساغكردنەوە و بەبازاڕكردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان.
باس لەوەش كراوە، بەهاوئاهەنگی لایەنە پێوەندیدارەكان بەوەرگرتنی گەنم لە جووتیاران بەپێی ئەو بڕە گەنمەی كە ماوە لە كوردستان، بەمەرجێك بە پێی (مواسەفات)ی عێراقی بێت، بۆ هەر تۆنێكی گەنمی پلە یەك نرخەكەی 550 هەزار دینارە، بۆ گەنمی پلە دوو بۆ هەر تۆنێك بڕی 525 هەزار دینار دیاری كراوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، پێویستە جووتیار پشتگیریی بنكەی كشتوكاڵی و بڕی گەنمی وەرگیراو لە سایلۆكان پێ بێت و بڕی گەنمی وەرنەگیراویش تۆمار كرابێت، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمەكە لە ماوەی (یەك مانگ) دەبێت، لە رێكەوتی 15/7/2025 دەست پێ دەكات، شایستە داراییەكانی جووتیاران لە ماوەی (دوو مانگ) دەبێت لە رێكەوتی وەرگرتنی گەنمەكە.
ئەم پرۆسەیە لەلایەن پڕۆژەی نیشتمانی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران لەلایەن هەردوو كۆمپانیای كەرتی تایبەت لە سایلۆكانی (خۆشناو و قەیوان) جێبەجێ دەكرێت، بە چاودێری و هاوئاهەنگی لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنمی ناوخۆی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، وەك پاڵپشتییەك بۆ ساغكردنەوەی ئەو بڕە گەنمەی جووتیاران لە دوای پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكانی عێراق دیاری كرابوو، كە بەشی هەرێمی كوردستانیش لەو پرۆسەیە تەنیا 400 هەزار تۆن بوو.