دوای 36 رۆژ تاقیكردنەوەی پۆلی 12 كۆتایی هات

:: AM:10:05:06/07/2025 ‌
بەپێی خشتەی تاقیكردنەوەكان، لە یەكی حوزەیران یەكەم تاقیكردنەوە بەڕێوە چوو، ئەمڕۆ شەشی تەمووزە و كۆتا تاقیكردنەوە ئەنجام دەدرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تەمووز، كۆتا تاقیكردنەوەی پۆلی 12 بەڕێوە دەچێت، بەپێی خشتەی تاقیكردنەوەكان كە پێشتر لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمەوە بڵاو كرایەوە، تاقیكردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەیی كۆتایی دێت كە زیاتر لە 115 هەزار خوێندكار تێیدا بەشدارن.

لە 13ـی حوزەیران وەزارەتی پەروەردە بڵاوی كردەوە، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی كە "شەڕی ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ كرد"، هەموو تاقیكردنەوەكان لە قوتابخانە حكوومی و ناحكوومییەكان بە قوتابخانە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكان و تاقیكردنەوەكانی وەزاریی پۆلی 12 ی ئامادەیی بەهەموو بەشەكانیەوە ؛ تاقیكردنەوەكانی خولی دووەمی قوتابخانە حكوومی و ناحكوومییەكانیش، هەموو دوا دخرا بۆ هەفتەی داهاتوو.

ئاماژە بەوەش كرابوو لە هیچ ناوەندێكی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە، تاقیكردنەوەكان ئەنجام نادرێن. پاشتر لە رێگەی ڕاگەیەنراوێكەوە لە خشتەی تاقیكردنەوەكان ئاگادارتان دەكەینەوە.

جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دا یەكەمەكانی پۆلی 12 ڕانەگەیەنرێن و نمرەكانیان ئاشكرا نەكرێت، وەك ئەوەی ساڵانی ڕابردوو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان قوتابییە یەكەمەكان دەستنیشان دەكران و خەڵات دەكران.


وشە - رامیار جەواد